٨٠٠ ئاوارە لە سنووری هەولێرەوە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان

لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، ٨٠٣ ئاوارە لە كامپەكانی سنووری هەولێرەوە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگا نەینەوا.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانى عێراق لە بارەی گەڕانەوەی سەدان ئاوارە لە كامپەكانی سنووری هەولێرەوە بۆ پارێزگاى نەینەوا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا هاتبوو کە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت و وەزارەتەکەیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان ٨٠٣ ئاوارە لە كامپەكانی 'هەرشەم و بەركە' لە پارێزگای هەولێر بە خواستی خۆیان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاى نەینەوا.

 

هەروەها یارمەتی دارایی و یارمەتی فریاگوزاری و پێدانی كەرەستەی ناو ماڵ بە ئاوارە گەڕاوەكان بەردەوامە.

 

وەزیری كۆچ و كۆچبەران داوای لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی كردووە، بەردەوام بۆ تۆماركردنی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان کار بکەن.