سی پی تی: سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییە نوێیەکەی لە ئاسمانەوە بۆ چۆمان درێژکردووەتەوە

سی پی تی ڕایگەیاند، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییە نوێیەکەی لە ئاسمانەوە بۆ شارۆچکەی چۆمان درێژکردووەتەوە و لەم هەفتەیەدا دوو جار بۆردوومانی سنوورەکەی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، ڕایگەیاند کاتژمێر ٥:٤٠ خولەکی ئێوارەی ٢٣ی تەمووز، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی سێ شوێنیان کردووە لە شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچکەی چۆمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکان بۆ سەر بەرزاییەکانی سێکانیان، گردان و زینۆکان بوون لە کەڵەکی باڵەییان.

 

سی پی تی ئاشکرای کرد، ئەمە دووەمین جارە کە لەم هەفتەیەدا، سوپای تورکیا بۆردوومانی سنوری شارۆچکەی چۆمان دەکات، بە هەمان شێوە لە ڕۆژی ٢٠ی تەمووزدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، بە چڕی بۆردوومانی گەلی گەلەژێری و گردی بێرییان لە کوێستانی بەردە سپییان لە نزیک چیای گردوگۆ لە شارۆچکەی چۆمان کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی.

 

بە گوێرەی ئامارێکی سی پی تی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، تا ئێستا بەهۆی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمدا، ٩ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و دوو هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.