ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی توندوتیژی تێدەکۆشن

ژنان لە دژی توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێدەکۆشن، تیشک دەخەنەسەر یاسا و بەڕێکخستبوونیان و ڕایانگەیاند، خەبات فراوانتر دەکەن و ڕێکاری خۆپارێزی زیاتر دەگرنەبەر.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لەگەڵ سیاسەتی شەڕی دەوڵەتان توندوتیژی و کوشتنی ژنان زیاتر بووە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهەبوونی یاساکانی پاراستنی ژنان و ڕێکخستنی ژنان و بەدامەزراوەییکردنیان پێشکەوتنی گرنگ بەدەستکەوتووە، بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، چالاکی هۆشیاری و پەروەردە بەڕێوەچووە.

 

بەپێی ئاماری دیوانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژنانی کانتۆنی جەزیرە، لە ماوەی ٥ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٨ ژن کوژران، ٢ ژن بە گوماناوی گیانیان لەدەستدا، ١٤٣ سکاڵا لەسەر توندوتیژی جەستەیی، ٥ دەستدرێژی سێکسی و  ٢٨ هەڕەشە تۆمار کراون.

 

"داواکارین ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پەیوەندیمان پێوە بکەن"

زیلان تەمۆ، بەڕێوەبەری یەکینەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کانتۆنی جزیرە، ڕایگەیاند کە یەکینەکانیان کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان دەکەن، وەک یەکینەکانی تاوان، کۆنترۆڵ، لێکۆڵینەوە، شوێنی ڕووداو و لێپێچینەوە ئامادەن وتیشی: ئێمە بەدواداچوون دەکەین بۆ زانینی وردەکارییەکانی ڕووداوەکان، پاشان پزیشکی دادوەری باسی چۆنیەتی ئەنجامدانی کوشتنەکە دەکات، دوای فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان، کەیسەکە دەدەینە سەرۆکی داواکاری گشتی بۆ ئەنجامدانی کارە پێویستەکان، زۆربەی ئەو کەیسانەی ئێمە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین پرسی خێزان و هاوسەرگیری منداڵان و ناکۆکییە، چارەسەر دروستکردنی هۆشیارییە لە کۆمەڵگەدا. هەروەها دەمانەوێت هەموو ژنێک کە بارودۆخی مەترسیدارە لە ڕێگەی ژمارە ئەمنییەکانمان و لە ڕێگەی فەرمانگەکانمانەوە پەیوەندیمان پێوە بکات.

 

"لە بواری مافی ژنان هۆشیاریی کۆمەڵگەیی نییە"

سۆلین محەمەد، ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژنان ئەقڵیەتی پیاوسالارییە و وتی: بەداخەوە دەبینین ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر ناوی شەرەف و دابونەریت دەکوژرێن، لە ژێر ناوی نەریت و توندڕەوی ئایینیدا هۆکاری زۆر هەیە بۆ ملکەچکردنی ژنان، هەرچەندە پێم وایە ئەمە بە تەواوی دوورە لە ئایینی ڕاستەقینە، هەروەها نەشارەزایی لە مافی ژنان هەیە، بۆ نەهێشتنی ئەم تاوانانەی دژ بە ژنان، پێویستە یاسای خۆپارێزی دابنرێت.

 

"ئێمە کار بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی دەکەین"

ڕەشا دەروێش، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە کار بۆ بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان و هەموو جۆرە جیاکارییەک دەکەنەوە، ئاماژەی بەوەکرد، بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی توندوتیژی لەسەر ئاستی دادگاکانی ئیدارەی خۆسەر و داواکارانی گشتی دەکەن، هەروەها داوای بەشداریی ڕای گشتی دەکەن لە دۆسیەکانی کوشتنی ژنان و بەشداری سەرجەم دانیشتنەکان دەکەن تا ئەو کاتەی بڕیار دەدرێت و ڕاستییەکەی ئاشکرا دەبێت.

 

ڕەشا دەروێش لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: سزای کوشتنی ژن لە یاساکانی ئێمەدا سزای هەتاهەتاییە، ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان پەروەردە و سیمینار و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە ڕێکدەخەن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی و کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، لە هەرێمەکە هەلومەرجێک هەیە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و کارەکانیان هەیە، لاوازیان دەکات و ئیرادەیان دەشکێنێت، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین بە هەموو بزووتنەوە و دامەزراوەکانی ژنان ئەم دیاردە مەترسیدارانە لە کۆمەڵگەدا کەم بکەینەوە.