چالاکوانان و ڕۆشنبیران ناڕەزایەتیان دژی دانانی ئاڵای تورکیا دەربڕی

دوای ئەوەی تەیب ئەردۆغان بڕیاریدا سەردانی عێراق و هەولێر بکات و بۆ ئەو مەبەستەش پەدەکە ئاڵای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای لەسەر قەڵای هەولێر و شەقامەکان دانا، ئەمە بووە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان ناڕەزایەتی دەرببڕن و ئەم هەڵوێستە بە هاوکاری داگیرکاری دادەنێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکی عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەو لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن کە ئامانج لێی داگیرکاری زیاترە لەسەر خاکی باشووری کوردستان و سەروەری عێراق هەروەها بەردەوامی دانە بە ئۆپەراسیۆنەکانی.

 

پەدەکە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان بێدەنگە و پشتیوانێکی سەرەکی هێرشەکانە، جگە لەوەش بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەقام، ڕێگا سەرەکییەکان و قەڵای هەولێری بە ئاڵای تورکیا ڕەنگڕێژ کرد.

 

دانانی ئاڵای تورکیای داگیرکەر لە شەقام و ڕێگا سەرەکییەکانى هەولێر بۆ ئەردۆغان چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستانی توڕە کرد، ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و لە ئەکاونتی تایبەتی خۆیان هەڵوێستی خۆیان بەم شێوەیە دەربڕی:

 

کنێر عەبدوڵا- ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان

وێنەیەکی مێژوویی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان

پێمان دەڵێت: «گەر خۆمان باوەڕمان بەخۆمان نەبێت ، وگەر لەقەیرانی دەوڵەتداری و هاوڵاتیبون و نیشتمانپەروەرێتی و ئەقڵدا بژین،

و گەر خۆمان بڵێین هەموو شت بە دڵی تۆیە و لەسەر سینییەکی ئامادەکراو پێیان بڵێین فەرموو....

ئیتر بۆ لۆمەی ئەوان و ئەوانیتر بکەین.

بۆیە گرنگە بزانین کە دەبێت هەنگاوی یەکەم لە خۆمانەوە دەستپێبکەین و خۆمان بناسین کە کێین و چیمان ئەوێت؟!

 

نافیعە عارف- چالاکوان

پەنجەکانی دەستت هەڵوەرێ..

چۆن دڵت هات بزمار داکوتی بەدڵی هەموو تاکێکی کوردا

 

ڕۆژان حەمە ڕەش- ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

شوێنەوار و کەلەپور و شوێنە مێژووییەکان، سامانی نیشتیمانی و میراتێکی ڕۆشنبیری و زانستی و ناسنامەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی گەلی کوردستانن.

جگە لەو مەبەستانەی هاتووە لە یاسای ژمارە (٥) ی ساڵی ٢٠٢١

( یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان _ عیراق ) ، بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن پێیانەوە،  پێشیل کردنی دەستور و یاسا بەرکارەکانە ، و بێ ڕێزی کردنە بە شوناس و ناسنامەی گەلی کوردستان ، بەتایبەتی هەولێرییە ڕەسەنەکان

 

کۆسرەت ئەحمەد- نووسەر و ڕۆژنامەنووس

هەولێرە بێنازەکەم

دیمەنی قەڵا بەم شێوەیە نەمانی سەروەری حکومەتی کوردستانە.

تەوهین کردنە بە دەسەڵاتیان، هەولێر هەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە و دەریا بە دەمی سەگ گڵاو نابێت.