لە ئەفغانستان بەهۆی لافاوەوە ٩٩ کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی ئەو لافاوەوە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە ئەفغانستان ڕوویدا، ٩٩ کەس گیانیان لەدەستدا و هۆشدارییەک بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەرکرا.
ناوەندی هەواڵ
لە ئەفغانستان بەهۆی توانەوەی بەفر و بارانبارینی زۆر و نەبوونی ژێرخانی ئەو لافاوانەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوویانداوە، کارەسات ڕوویداوە و زۆرترین زیانی لافاوەکە بەر پارێزگاکانی غەزنی، پاکتیا، کوزجان، فەرەح، سامانگان، پەروان، هیلمەند و نەنگەرهان کەوتووە.
باس لەوەشکرا کە لە ماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە بەرواری ١١-١٤ی مانگیش لانیکەم ٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە هەندێک ناوچە بەهۆی ڕۆچوونی زەوی و بارانبارینی بەخوڕەوە خەڵک گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تلوع نیوز؛ لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ٩٩ کەس بەهۆی لافاوەوە لە سەرانسەری وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٠ کەسیش برینداربوون.
دەزگای کەشناسی ئەفغانستان هۆشداری دا لە بارینی بارانی بەخوڕ و لافاو بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.