کۆیە، بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە پانێڵێک بەڕێوەچوو

پرۆفیسۆرێكی یاریدەدەر لە زانکۆی کۆیە باس لەوەدەکات، کە لە میدیای کوردییدا کەمترین تیشک دەخرێتەسەر كیشەی نەتەوەی كورد.

کۆیە

 

ئەمڕۆ ١٢٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر، لەو چوارچێوەیەدا، بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی کۆیە، سیمینارێکی بە ناونیشانی "ڕۆژنامەگەری کوردی و کاریگەری بەسەر زمان و ئەدەبی کوردی" بەڕێوەبرد و باس لە ڕۆڵ و ئاستی زمانی ڕاگەیاندن کڕا لەسەر کۆمەڵگە.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە ڕۆژنامەگەری كوردیدا و باسکردنی پرسەکانی ژنان، تەلار سەباح، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا لە زانكۆی كۆیە بۆ نوژنها دوا و وتی: ژنان ڕۆڵێكی كاڕایان هەیە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا و چەندین بەرنامەی بە سوودی ژنان هەن لە تەلەفزیۆنەكاندا، هەرچەندە تا ئێستا كێشە هەیە، بەڵام من وادەبینم زۆربەی كیشەكان كەم بوونەیەوە.

 

لەبارەی ئەوەی میدیای ئێستای كوردی چەندە توانیویەتی خزمەت بە پرسی نەتەوەیی و كولتووری هونەری كوردی بکات، تەلار سەباح باسی لەوەکرد، میدیای كوردی كاریگەری زۆری هەیە لەسەر مانەوەی پرسی نەتەوەیی و كولتووری كوردی و هەموو ئەو بەرنامە كوردییە ڕەسەنانەی هەن، گرنگن بۆ مانەوەی پرسی نەتەوەیی و كولتووری و هونەری كوردی.

 

شادان شوكر، پرۆفیسۆر و مامۆستای بەشی زمانی كوردی لە زانكۆی كۆیە، لە بارەی ڕۆڵی ژنان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەسەر دۆزی ژنان وتی: بێگومان ژنان ڕۆڵیان هەیە وەك نووسەر و توێژینەوە لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا، بەڵام وەك پرسی ژنان و چارەسەركردنی كیشەی ژنان، من وای نابینم کە چارەسەریان پێبێت، دەزگاكانی ڕاگەیاندن گرفتەكان دەخەنەڕوو، بەڵام چارەسەریەكان نەخڕاونەتە ڕوو.