لە عومان ١٢ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

لە عومان بەهۆی لافاوەوە لانیکەم ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ٩یان خوێندکارن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ١٣ی نیسانەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران، کە بایەکی بەهێزیشی لەگەڵە لە چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی عومان لافاوی دروستکردووە، بەهۆیەوە ٩ خوێندکارو سێ کەسی دیکە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان خنکاون.

 

بەپێی ئاژانسی فەرمیی عومان، پێنج کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، هەروەها تائێستا تەرمی منداڵێک و چوار کەسی دیکە دۆزراونەتەوە و ‌هێزەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکانی دیکە.

 

دوێنێ ١٥ی نیسان، وەزارەتی پەروەردەی عومان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا دەرگای خوێندنگەکانی داخست، داواش لە هاوڵاتییان کراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.