"پێویستە ئەو دڕندەییانەی لە غەززە ئەنجامدراون بگێڕدرێنەوە"

ژنانی بنغازی ئاماژەیان بەوەدا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، لە دڵەوە هەست بە ئازارەکانی ژنانی غەززە دەکەن و پێویستە ئەو دڕندەییانەی کە لە غەززەدا ئەنجام دەدرێت، بگێڕدرێنەوە.

ئیبتسام ئەغفیر

 

بنغازی- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تا دێت توندتر دەبێت و زۆرترین کاریگەرییشیان لەسەر ژنان هەیە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامن، لانیکەم هەشت هەزار و ٩٠٠ ژن گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ هەزار ژنیش برینداربوون و چارەنووسی دوو هەزار و ١٠٠ ژنیش نادیارە.

 

"لە پۆلەکاندا باسی ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات دەگێڕمەوە"

ڕیم عەبدەلی، ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند کە لە دڵی خۆیدا هەست بە شەڕ و مردن و برسێتی لە غەززە دەکات و دەڵێت: پێویستە منداڵەکانمان لە ماڵەوە و لە قوتابخانەکان پەروەردە بکەین و ئەو نادادپەروەری و دڕندەییانەی کە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان دەکرێت، بۆیان بگێڕێنەوە، دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە خەڵک لە فەلەستین و بەتایبەتی لە غەززە ڕووبەڕووی چی دەبنەوە.

 

مینا فەلاح، چالاکوانی کۆمەڵایەتی باسی لەوەکرد، ڕووداوەکانی غەززە زۆر کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە و هەوڵدەدەن پاڵپشتی خەڵکی غەززە بکەن، وتیشی: خۆمم خستە شوێنی ئەوان، هەموو ڕۆژێک لە شەڕدا خەڵک منداڵەکانیان لەدەست دەدەن، وەک مامۆستایەکی ئینگلیزی لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی، لە سەرەتا و کۆتایی وانەکەدا باسی ئەو شتانە دەکەم کە لە غەززە ڕوودەدەن، نەوە نوێیەکان نازانن چی لە فەلەستین دەگوزەرێت، چی بەسەر ئەو هاوڵاتیانە مەدەنیانەدا هاتووە کە ساڵانێکە لەژێر گەمارۆ و ململانێکاندان، ئەمە یەکەمجار نییە کە کەرتی غەززە شاهیدی گەمارۆدان بێت، کەرتی غەززە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا بووە، زیاتر لە ١٦ ساڵە تووشی کەمیی سووتەمەنی و دەرمان و چەندین کەلوپەلی سەرەتایی بووەتەوە.

 

"تاوانێک دژی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت"

نەجات محەمەد شەرکەسی هاوڵاتییەکە و وتی: پێویستە دایکان منداڵەکانیان ئاگادار بکەنەوە لە ڕووداوەکانی کوشتن و ئاوارەبوون و وێرانکردنی ماڵ و مردن بەهۆی برسێتییەوە لە غەززە، لەوێ تاوانێک دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت.