بە مەراسیمێک ماڵئاوایی لە شەهیدانی هێرشەکەی تورکیا کرا

دانیشتوانی شاری قامیشلۆ لە گۆڕستانی شەهیدان دەلیل سارۆخان لە کانتۆنی جزیرە مەراسیمی ماڵئاواییان لە ٦ هاوڵاتی، کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا گیانیان لەدەستدا، ڕێکخست.

قامیشلۆ

 

دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی کانوونی دووەمەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە ئەنجامدا ٦ هاوڵاتی لە قامیشلۆ گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە گۆڕستانی شەهیدان دەلیل سارۆخان لە قامیشلۆ بەخاک سپێردران.

 

فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک- پەیەدە لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمە لەبەردەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاداین، ئەم دەوڵەتە کە بووەتە سەرچاوەی داعش، هەروەها لە بەرامبەر هەموو شەهیداندا سەری خۆمان دادەنەوێنین، داوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەموو بریندارەکان دەکەین، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک لە چیاکانی کوردستان بەهۆی بەرخۆدانی گەریلا شکستی هێناوە، دەشیەوێت بە کۆمەڵکوژکردنی  خەڵکی مەدەنی تۆڵەی شکستەکەی بکاتەوە، ئەو دەوڵەتە دەیەوێت شکستی سەربازی و شکستی سیاسی و شکستی دیپلۆماسی، ئەمڕۆبە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان پەردەپۆش بکات.

 

"تورکیا دەیەوێت شکستی خۆی بشارێتەوە"
فۆزا یوسف ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە چیاکانی کوردستان شکستی هێناوە و ناتوانێت ئیرادەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان تێکبشکێنێت، وتیشی: هەر بۆیە ئەمڕۆ منداڵان، گەنجان، ژنان، کرێکاران و هەموو هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووەتە ئامانج، پێویستە گەلەکەمان ئەوە بزانێت کە بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بە پێچەوانەی ویستی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شکستی هێناوە، دژی یەکڕیزی گەل شکستی هێناوە، ئەمڕۆ ئەم شەڕە چەپەڵە دژی گەلەکەمان بەڕێوەدەبات، ئێمە بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێین بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئێمە، ناتوانێت لە خەباتی ئازادی دوورمان بخاتەوە،  گەلی کورد، عەرەب سوریانی و هەموو پێکهاتەکان ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکگرتوون و هەرگیز تەسلیم نابن، چۆن سەدام لە هەڵەبجە شکستی هێنا، ئەردۆغانیش لێرە شکست دەهێنێت.