لە چەندین ناوچەی سودان شەڕ بەردەوامە

سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ فشارخستنە سەر لایەنە شەڕکەرەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، پێکدادانەکان لە سودان بەردەوامە.

مەیسا قازی

 

خەرتوم- سەندیکای پزیشکانی ناحکومی لە سودان پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی قوربانییەکان لە شاری ئەبیەزی پایتەختی ویلایەتی کۆردۆفانی باکوور بەرزبووەتەوە بۆ ١٢ هاوڵاتی مەدەنی، لەنێویاندا ٧ منداڵ هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە 25 کەس.

 

شاندێک لە سوپای سودان کە لە سێ ئەفسەر و دیپلۆماتێک پێکهاتووە و شاندێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە دوو ئەفسەر و ڕاوێژکاری فەرماندەی پشتیوانی خێرا گەیشتنە جەدە لە سعودیە و چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکان لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێبکەن.

 

وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە سوتاندنی "عەفرا مۆڵ" نیشان دەدات، کە ناوەندێکی بەناوبانگی بازاڕکردنە لە خەرتومی پایتەخت، ناوەندەکە دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی قورسی نێوان هەردوو لایەنی ناکۆکی لە وڵاتەکەدا هەیە.

 

هەزاران کەس برینداربوون

مارگرێت هاریس، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانە بەردەوامەکانی سوداندا کوژراون گەیشتە ٥٥١ کەس و چوار هەزارو ٩٢٦ کەسیش برینداربوون.

 

ڕاشیگەیاند، لە هێرشەکاندا ٢٨ هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و ٨ کەس کوژراون و ١٨ کەسیش برینداربوون، هەروەها ١٦%ی ناوەندە تەندروستییەکانی وڵاتەکە دەتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن و ٦%ی سەنتەرە تەندروستییەکانی خەرتومی پایتەخت دەتوانن کار بکەن، وتیشی: بارودۆخی سودان لە ڕووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە خراپتر بووە و خەڵک کاتێک بریداردەبن بۆ کوێ دەچن؟

 

 

وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کەشتییەک کە ١٣٠ هەزار شوشتنی بۆ نەخۆشەکانی گورچیلەی تێدابوو گەیشتۆتە بەندەری سودان و ئاماژەی بەوەدا کە پێداویستییە پزیشکیەکان مانگێک لەمەوبەر مانگی ڕەمەزان کڕدراون، ئەوە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی تاکە سەنتەری چارەسەری گورچیلە لە شارەکەدا کارەکانی ڕاگرت، سەنتەری نیشتمانی بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە و نەشتەرگەری و سەندیکای پزیشکی سودانی داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ژیانی نەخۆشەکانی گورچیلە ڕزگار بکەن لە وڵاتەکەدا.

 

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند گەیشتنی یەکەم گەشتی یارمەتییە مرۆییەکان کە لەلایەن مانگی سووری کوەیتەوە دابینکراوە و ١٠ تۆن یارمەتی مرۆیی هەڵگرتووە، لەوانە کەلوپەلی پزیشکی و خۆراک، هەروەها یارمەتییەکانی دیکە لە ڕێگەی چوار فڕۆکەی سەربازییەوە دەگەن.