سووتانی قوتابخانەی کچان لە زابولی ئەفغانستان

قوتابخانەیەکی کچان لە پارێزگای زابولی ئەفغانستان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان و سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان، لە گوندی شوخەک سەر بە شاری شەهر سەفایی سەر بە پارێزگای زابول لە ئەفغانستان قوتابخانەیەکی کچان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.

 

دەوترێت دوای ئەوەی ئەم قوتابخانەیە ئاگری تێبەردرا، هەموو بەڵگەنامە کارگێڕییەکان و کتێبەکانی ناویشی سووتاون، هەروەها بەگوێرەی هەواڵە بەردەستەکان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ناوچەی ئەندخۆی سەر بە شاری فریاب بینای قوتابخانەیەک لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا و تا ئێستا تاڵیبان لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

 

سووتاندنی قوتابخانەی کچان کارێکی دیکەی کەسانێکە کە خاوەن بیرۆکەی تاڵیبانن، بۆ زیاتر بەرتەسککردنەوەی ژنان و دوورخستنەوەی بە تەواوی ژنان لە کۆمەڵگەدا.