کوردانی فەیلی بێ لانەیەکی نێوان عێراق، ئێران و کوردستان

سەرەڕای ئەو زوڵم و زۆریەی لەسەر کوردانی فەیلی بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا کەیسی فەیلییەکان وەکو خۆی ماوە و لە نێوان دوو وڵات و کوردستاندا بێ ناسنامە ماونەتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- فەیلییەکان، کۆمەڵە کوردێکی شیعە مەزهەبن، لە ناوچەکانی لوڕستان و کرماشان و ئیلامی سەر بە وڵاتی ئێران و لە پارێزگاکانی بەغدا و دیالە لە وڵاتی عێراق دەژین و بەشێکیشیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک خانەقین نیشتەجێن، فەیلییەکان لە دەستوورتی عێراقدا وەک نەتەوەی کورد و پلە دوو ناسێنراون، لە وڵاتی ئێرانیشدا هاوڵاتییەکی بێ ناسنامەن و بە پلە دوو لە قەڵەم دەدرێن.

 

کوردە فەیلییەکان هەمیشە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە

کوردە فەیلییەکان هەمیشە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و لێسەندنەوەی ناسنامە بوونەتەوە، لە ساڵی ١٩٢٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراق کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئاین و نەتەوە، لەبەر ئەوەی فەیلییەکان شیعە بوون بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە هەمیشە دەکەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق، بە پێی یەکەم بڕیاری یاسایی کە بۆ هاوڵاتیانی عێراق دەرچوو بە ژمارە ٤٢ی ساڵی ١٩٢٤، یەکەم پرۆسەی ڕاگواستنی کوردانی فەیلی لە ساڵی ١٩٣٦ دەستی پێکرد.

 

لە دوای هاتنی ڕژێمی بەعس و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو عێراق نزیکەی ٤٠ هەزار کوردی فەیلی دەرکرد و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی دەکردە سەریان و ژنەکانیان لێ زەوت دەکردن، لە کاتێکدا فەیلییەکان چەندین نەوەیە لە ناوچەکانی عێراق ژیاون، بەڵام عێراق گومانی دەکرد سەر بە ئێران بن.

 

٤٠٠ هەزار کوردی فەیلی بوونەتە قوربانی دەستی ڕژێمی بەعس

هەر لە ماوەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا بڕیارێک دەرکرا کە ئەو پیاوەی عێراقیە و ژنەکەی فەیلییە دەبێت لێی جیاببێتەوە، لە ٤ی نیسانی ١٩٨٠ ڕژێمی بەعس دەستیکرد بە ڕاگواستنی زۆرەملێ و زیاتر لە ٢٠ هەزار گەنجی کوردی فەیلی کە تەمەنیان لە ١٨ بۆ ٢٨ ساڵیدا بوو دەستبەسەرکران و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، هەروەها بڕیاری ٦٦٦ی دەرکرد کە بە پێی ئەو بڕیارە مافی هاوڵاتی بوونی لە فەیلییەکان سەندەوە، هەر لە ساڵی ١٩٨٠ ئەوەی خۆی لە کوردە فەیلیەکان بێبەری بکردایە و خۆی دوور بخستایەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە ١٠ هەزار دینار خەڵات دەکرا، لە ماوەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس دەیان هەزار کوردی فەیلی شەهید کرد و دەستەبەسەریان دەکرد و دەیان گەڕاندەوە بۆ ئێران، چونکە بە سیخوڕ لە قەڵەمی دەدان، بەپێی ئامارەکانی مانگی سووری نێودەوڵەتی ٤٠٠ هەزار کوردی فەیلی لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس بوونە قوربانی یان تووشی ڕاگواستن بوون و دەست بەسەر ماڵ و سامانیاندا گیراوە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٩ کەیسی کوردە فەیلییەکان بە جینۆساید ناسێنرا

لە دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمە و لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی بڕیاری ٦٦٦ی ساڵی ١٩٨٠ی پوچەڵکردەوە و لە میانەی ئەو بڕیارەدا بەشیکی زۆر لە کوردە فەیلییەکان توانیان مافەکانیان بەدەستبهێننەوە، دوای ٤٤ دانیشتن دادگا لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ کەیسی کوردە فەیلیەکانی بە جینۆساید ناساند، پاشان دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دووبارە پێداچوونەوەی بۆ کرد و لە ١٠ی ئایاری ٢٠١١ دووبارە کەیسەکەی بە جینۆساید ناساندەوە، بەڵام ئەم کەیسە تا ئێستا وەکو خۆی ماوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردانەهاتووە.

 

هەرچەندە ڕژێمی بەعس بە بیانووی ئێرانی بوونەوە کوردە فەیلییەکانی لە عێراق دەرکرد، بەڵام ئێرانیش تا ئێستا بە هاوڵاتی خۆی نازانێت و مەزهەبەکەیان نەبووەتە هۆی ئەوەی ئێران دانیان پێدابنێت، ئەو کوردە فەیلییانەی کە لە ئێران دەژین، لە ئێستادا هیچ هیوایەکیان بە حکومەتی عێراقی و کوردستانیش نییە، چونکە لە عێراقدا کێشەی دەرکردندی ڕەگەزنامەیان بۆ دروستدەبێت و تا ئێستاش ناتوانن لە هەرێمی کوردستان ڕەگەزنامەیان تازە بکەنەوە، جگە لەوەی کێشە بۆ منداڵەکانیشیان دروست دەبێت کاتێک دەڕۆنە قوتابخانە.

 

٤ی نیسانی هەموو ساڵێکیش بە ڕۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی دانراوە و لە خانەقین و بەغدا و چەندین ناوچەی دیکە یادی دەکرێتەوە، چونکە لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس زیاتر لە ٢٠ هەزار کوردی فەیلی دەستبەسەر و شەهید کرد.