٢٠ زیندانی سیاسی داوای ئازادکردنی شارەزایانی ژینگەیی دەستبەسەرکراو دەکەن

٢٠ زیندانی سیاسی لە ڕێگەی نامەیەکەوە داوای ئازادکردنی چالاکوانان و شارەزایانی ژینگەییان کرد، کە لە زینداندان.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٠ زیندانی و چالاکوان لە دەستبەسەرکراوانی ئێستا و پێشوو دوێنێ، ٢٧ی شوبات نامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوای ئازادکردنی چالاکوانان و شارەزایانی ژینگەییان کرد، تیشکیان خستەسەر بێتاوانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزانەی کە تا ئێستا لە ژیاندان و ئاماژەیان بە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی ژینگەپارێزی کردەوە، لە ژێر سیاسەت و دەسەڵاتی ڕژێمی پاوانخواز بە شێوەی نامرۆڤانە و نادادپەروەرانە، دەشڵێن: لە کاتێکدا هەموو چاودێران دانیان بەوەدا ناوە کە ساختەکارییان لە دۆسیەکەدا کردووە، حاڵەتە بێشومارەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە.

 

ئەو زیندانیانە ڕوونیان کردەوە، "ئەو ژنە دەستبەسەرکراوانەی لە زیندانە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لەژێر ئەشکەنجە و فشاری دەروونی تونددا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە و بەشێکیشیان تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی، بوختان، هەڕەشە، تۆقاندن، فریودان و هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە، هەروەها دادوەر سوکایەتی بە تۆمەتباران دەکات و لە دانیشتنەکانی دادگاییکردن دەریان دەکات و ڕەتیدەکاتەوە ئازادکردنی مەرجدار و مۆڵەت و خستنەڕووی ئەو ڕێنمایانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرکراون، بیانگرێتەوە"

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێمە واژۆکارانی ئەم نامەیە بەبێ گوێدانە جیاوازی بیروڕای سیاسی پێداگرین لەسەر پێوەر و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و داوای ئازادکردنی شارەزایانی ژینگە، سپیدە کاشانی، نیلوفەر بەیانی، هومن جوکار، سام ڕەجەبی، موراد تەهباز، ئەمیر حسێن خالقی، تاهر قادریان و هەموو ئەو کەسە بێتاوانانەی لە زیندانەکاندا زیندانیکراون دەکەین.