پەیام لە زیندانی ئەڤینەوە: بەڵێن دەدەم کە واز ناهێنم

نێرگس محەمەدی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، کە لە زیندانی ئەڤین زیندانیکراوە، لە پەیامەکەیدا بۆ مەراسیمی خەڵاتی ئۆلف پاڵمە وتی: "بەڵێن دەدەم، واز لە تێکۆشان ناهێنم، باوەڕم وایە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت".

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵاتەکانی ئۆڵف پاڵمە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕاگەیەندرا، مارتا چۆمۆلۆی خەڵکی ئۆکراینا و ئەرین کەسکین لە تورکیا و نێرگس محەمەدی لە ئێرانەوە، لە کاتێکدا کە مافەکانی مرۆڤ لە ژێر هەڕەشەی شەڕ و توندوتیژی و زۆرداریدان، خەڵاتکران.

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسی ئێرانی، پەیامێکی نووسراوی ئاڕاستەی مەراسیمی خەڵاتی ئۆڵف پاڵمە کرد، نێرگس محەمەدی، کە لە زیندانی ئەڤین زیندانیکراوە، ئاماژەی بەوەدا کە شانازی بەو خەڵاتەوە دەکات و ڕایگەیاند کە پێویستە لێپرسینەوە لە کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران بکرێت و تاوان و پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی مرۆڤ بێ سزا نابێت، هەروەها تیشکیان خستە سەر تێکۆشانی دژ بە نایەکسانی و جیاکاری.

 

"باوەڕم زیندووە"

نێرگس محەمەدی لە پەیامەکەیدا وتی: "من ژنێکم و باوەڕم وایە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت، من نزیکەی ٣٠ ساڵە وەک چالاکوانێک خەبات دەکەم. ساڵانێکە لە وڵاتی خۆم و لەپێناو مافەکانی مرۆڤدا خەبات بۆ دیموکراسی دەکەم بەڵێن دەدەم واز لە خەباتەکەم نەهێنم، بە ڕای من، ئێمە جیهانێک دروست دەکەین، جیهانێک دەبێت کە بتوانین ئاشتی لە وڵاتەکەمان و جیهان بەدەست بهێنین و ڕێز لەمافەکانی مرۆڤ بگرین".