هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە شاری هەڵەبجە کۆبوونەوە
بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای توندوتیژی دژی خێزان و ژنان، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە شاری هەڵەبجە کۆبوونەوە.
هەڵەبجە
دوێنێ، ١٣ی تشرینی یەکەم لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدان شاری هەڵەبجە هاوپەیمانی ژنانی کوردستان کۆبوونەوەی وەرزیی خۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسایی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان بەڕێوەبرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر فرەژنی کرا، تانیا کەمال، ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لەبارەی هاوپەیمانییەکە بۆ نوژنها دوا و وتی: هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و ژنانی چالاکوان پێکدێت و تایبەتە بە کێشەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، لە بەرنامەکەماندا مەبەستمانە تیمی کاری ژنان هەبێت تاوەکو ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیان پێکبهێت و هەر کەسێک هەڵگری هەر ئایدۆلۆژیا و باوەڕییەک بێت دەتوانێت لەژێر چەتری هاوپەیمانییەکەدا کار بکات.
تانیا کەمال باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوەکەیان وەرزییە و بڕیاریاندا کۆبوونەوەی سێیەمی هاوپەیمانییەکە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەبچێت، وتیشی: سەرقاڵی دانانی پەیڕەو و پرۆگرامین بۆ ئەوەی لە ساڵی تازەدا کارەکانمان ڕابپەڕێنین، ئەو ژنانەش لە کۆمەڵەکەدان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە و لێبوردانە کارەکان ڕادەپەڕێنن، ئامانجمانە ببێنە مایەی پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژنان.
"پێویستمان بە ژنی ئازادە لە کۆمەڵگەدا"
دڵسۆز زەنگەنە، ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان باسی لەوە کرد ئەمرۆ سێ ساڵە ئەم کۆمەڵەیە دامەزراوە و چەندین جار یاداشتمان پێشکەش بە ژنان کردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی ژنانی ئازاد بکەین، چونکە ئەمڕۆ پێویستمان بە ژنانی ئازاد هەیە لە کۆمەڵگەدا.
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە شاری هەڵەبجە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی کۆتایی بەکارەکانیان بهێنن.