چالاکوانان: دەوڵەتی تورکیا ژینگەکەمان بەرەو لەناوچوون دەبات
ژمارەیەک لە چالاکوانانی شاری سلێمانی دژی تاڵانکردنی ژینگەی کوردستان و بڕینەوەی دارەکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.
ناوەندی هەواڵ
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاوانان و کەسایەتیەکانی شاری سلێمانی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و لەناوبردنی ژینە و دارستانەکانی کوردستان کۆبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵویستی خۆیان خستەروو.
بێریڤان بەرگارەیی، بە نوێنەرایەتی چالاکوانان ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو: زۆر بێ ڕەحمانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک پرۆسەی بە سوتماک کردن و بەبیابان بوونی خاکی کوردستان بەڕێوەدەبات، ملیۆنان داریان لە سنوری بادینان بڕیوەتەوە، تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە بێدەنگن، ژینگەمان لە سەرە مەرگدایە و داوای بە هاناوەچوونمان لێدەکات، داگیرکەری تورک دێت ژینگەی کوردستان وێران دەکات، ئەمە وەک ستراتیژییەتێک بۆ لەناوبردنی ژینگە و کلتور و خاکمان بەڕێوەدەبات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتبوو: خۆمان بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە ژینگەکەمان، ناڕەزای خۆمان دەردەبڕین، هاوکات دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، بە هۆی ڕێگەخۆشکردن بۆ داگیرکەر، بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانین بەرامبەر بە دۆخی ژینگەی کوردستان.