"هیچ هێزێک ناتوانێت دەنگ و ڕەنگ و قەڵەمی ژنان لەناوببات"
ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کانتۆنی کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر دەستبەسەرکردنی ٢١ ڕۆژنامەنووس لە باکووری کوردستان دەربڕی و وتیان: "هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان، هەموو رۆژنامەگەری ئازاد دەکاتە ئامانج".
بەیدا عوسمان
کۆبانێ- سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ قڕکردنی سیاسی لە باکووری کوردستان بەردەوامە و ئەمجارە ٢١ ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکرد کە لە دەزگا جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندندا کار دەکەن، لەوانە بەڕێوەبەری ژن نیوز سەفیە ئەلەگاش، سەرنوسەری ژن نیوز گوڵشن کۆچوک، ڕۆژنامەنووس نەشە تۆپراک، ئەلیف ئونگور و فەیناز کۆچوک دەستبەسەرکران.
ڕۆژنامەنووسانی کانتۆنی کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی پێشێلکاری و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک دژی رۆژنامەگەری لە باکوری کوردستان و بەتایبەتی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و ناوەندەکانی ژنان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.
"دەوڵەتی تورکیا کێشە ناوخۆییەکانی دەشارێتەوە"
دیجلە ئەحمەد، پەیامنێری ئاژانسی ئانها-ANHA هۆکارەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی خستەڕوو و وتی: ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی لەو شێوەیە لەسەر چاپەمەنییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا پەیڕەو بکات، تورکیا لە هەر شوێنێک ڕاستی خۆی ئاشکرا ببێت، رۆژنامەنووسان و دەزگاکان لەوێ دادەخات، ماوەیە خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕێکی گەورە بۆسەر کوردان، بەم هۆیەوە ئەو میدیایانەی لەسەر ڕاستی لە باکووری کوردستان دەدوێن، دادەخات و ڕێگرییان لێدەکات.
یارا کەندەش، پەیامنێری ئاژانسی ژن نیوز، دەربارەی دەستگیرکردنی هاوکارانی وتی: ڕۆژی ٨ی حوزەیران دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشی کردە سەر ناوەندەکەمان لە ئامەد، دوو هاوڕێمان دەستبەسەرکران، ژنان بە ڕەنگ و دەنگ و زمانی خۆیان ڕاستی بڵاودەکەنەوە، کاتێک دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە هێرشی کردە سەر دوو هاوڕێی ژنی ڕۆژنامەنووس، تەنها ئەو دوانە نەبوو، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر ژنانی پێشەنگی کۆمەڵگا و بە ئامانج گرتنیانە.
مەیسون حەسەن خەباتکاری ژن تیڤی ڕای خۆی دەربڕی و وتی: دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەو سیاسەتە گەلی تورکیا بێدەنگ و ڕەنگ بمێنێتەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەستگیرکراون بەپێی بەرژەوەندی و هۆشیاریی دەوڵەتی تورک هەڵسوکەوت ناکەن و لە بڵاوکراوەکەیاندا لە بەرژەوەندی گەلدان بۆیە هەمیشە دەبنە جێی ئامانجی هێرش و سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین و بەردەوام دەنگ و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینەڕوو.