ژنانی گەنجی عەرەب: ڕاستی دوژمن بە کۆمەڵگاکەمان دەگەیەنین
ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنجی پێکهاتەی عەرەب دووپاتیان کردەوە کە بە ڕێکخستنی ژنانی گەنج کۆمەڵگا لە داگیرکاری و کۆیلایەتی و هەموو شێوازەکانی توندوتیژی ڕزگاری دەبێت، چونکە ژنان بنەمای بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراسین.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- بە دروشمی "بە ڕۆحی گەنجانەی ڤیان و نوژیان شەڕی ئازادی سەردەخەین"، لە حەسەکە کۆنفرانسی ژنانی گەنجی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا، ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنجی عەرەب لە کۆنفرانسەکەدا باسی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان کرد و ڕایانگەیاند، کە کاری زیاتر لەسەر بەرنامەی کاریان دەکەن.
سوها سەید، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی دێرەزۆر، ئاماژەی بە گرنگی کۆنفرانسەکەدا و وتی: ئاگاداربوون لە ڕاستی دوژمن بۆ ژنانی گەنج بە تایبەتی گرنگە، وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنگی سەردەکەوین"، ئەگەر ئەمڕۆ ڕاستی دوژمن نەناسین، ناتوانین خەبات بکەین و ئایندەیەکی ئازاد بنیاد بنێین، هەزاران ساڵە هێزە دەسەڵاتدارەکانمان وەک ژن و کۆمەڵگا فریومان دەدەن و لەژێر ناوی ئایین و یاسا پیلانیان گێڕا بەرامبەرمان، بەڵام دوای ناسینی فەلسەفەی ئۆجالان هەنگاوی مێژوویی نراوە بەتایبەتی لەگەڵ ژنانی پێکهاتەی عەرەبدا، ئێمە بە تێگەیشتن لە فەلسەفەی ئۆجالان ڕاستی دوژمنمان ناسی.
"ژنان هێزی شۆڕشن"
نەسرین محەمەد، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ژنانی گەنجی ڕەقە، جەختی لەوە کردەوە، کە پێشکەوتنی زانستی ژنان وەڵامێکە بۆ سیاسەتەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکان، وتیشی: یەکێک لە ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە پەروەردە و گەشەپێدانی زانستی ژنانە، بە زانابوون هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بۆ ئەوەش پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و ناساندنی واقیعی دوژمن و ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکات گرنگە، ژنان دەتوانن کۆمەڵگاکەیان ئازاد بکەن کاتێک بیریان ئازاد بێت، چونکە ژنان خۆیان هێزی شۆڕشن".
نەسرین محەمەد لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا وەک ژنانی گەنج پێویستە ئەوەی لە دەوروبەریاندا ڕوودەدات، شرۆڤە بکەن و سیاسەتی شاراوەی دوژمن بناسن و پلانەکان ئاشکرا بکەن.