کەسوکاری شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەولێر داوای ڕووفاتی شەهیدەکانیان دەکەن

لەپێناو دەستکەوتنەوەی ڕووفاتی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٩٧ی هەولێر، کەسوکاری شەهیدان یاداشتێکیان ئاڕاستەی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەسوکاری شەهیدانی کۆمەڵکوژی ١٩٩٧ی شاری هەولێر گردبوونەوە و یاداشتێکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و تێیدا داوای ڕووفاتی شەهیدەکانیان کردەوە.

 

لەو کۆمەڵکوژییەدا ٨٣ کەس لە ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، چالاکوان و کەسانی بریندار کۆمەڵکوژکران و بێسەروشوێن کران، کەسوکاری شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە یاداشتێکیان پێشکەشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، بەو ئامانجەی ئەندام پەرلەمانەکان یاداشتەکەیان بەرزبکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکانیان جێبەجێ بکەن.

 

لە یاداشتەکەدا هاتووە، "بۆ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک دەزانرێت لە بەرواری ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ هێرشێکی چەکداری کرایە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان کرایە سەر ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و هونەرمەند، بە بەرچاوی خەڵکی هەولێرەوە شەهید و بێسەروشوێن کراون کە بە فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان تێکۆشانیان دەکرد.

ماوەی ٢٥ ساڵە ئەم کۆمەڵکوژییە کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک نییە لەسەریان، بۆیە وەک کەسوکاری بێسەروشوێن کراوان چەند داخوازییەکمان هەیە:

 

١-چارەنوسی ڕۆڵەکانمان لەلایەنی پەیوەندیدار دەوێت، ئەمەش وەک مافێکی سەرەتایی خۆمانی دەبینین.

٢-ئەگەر شەهید کراون گۆڕەکانیان و ڕوفاتیان ڕادەستی خێزانەکانیان بکرێتەوە یاخود ئەگەر لە ژیاندا ماون و بێسەروشوین کراون ئاشکرا بکرێن.

٣-ماوەی ٢٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەڵام تا ئێستا نەک گۆڕ و لاشەی ئەو شەهیدانە، بەڵکو ڕۆژانە لاشەی گەڕیلاکان نادرێتەوە بە خێزانەکانیان ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری دەروونی.

٤-بەهۆی ئەو داگیرکاریانەی هەن لەسەر خاکی باشوری کوردستان ڕۆژانە ڕۆڵەی کورد لەناو دەچێت و گونده‌کان خاپوور دەکرێن، پێویستە کۆتایی بە هەموو جۆرە شەڕێک بێت و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.

 

٦-وەک پەرلەمان و لیژنەی مافی مرۆڤ ئەم دۆسییەیە لە ئەستۆ بگرن و داوای داواکارییەکانمان بدەنەوە،

 

کەسوکاری شەهیدان داواشیان کرد پەرلەمان کۆمسیۆنێک بۆ بەدواداچوون لە چارەنووسی بێسەروشوێنان دروستبکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لێبووردن لە بنەماڵەی شەهیدانی کۆمه‌ڵکووژییەکە بکات، هەروەها چیتر ڕێگە بە شەڕی کورد بە کورد نەدرێت و مۆنۆمێنتێک بۆ قوربانیانی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ لە شاری هەولێر دروستبکرێت.

 

"کۆمەڵکوژییەکەی ١٩٩٧ی شاری هەولێر بە پلانی پەدەکە ئەنجامدرا"

بانو هەڵەبجەیی، چالاکوان دەربارەی کۆمەڵکوژی هەولێر ئاماژەی بەوەدا تەواوی ئەو کۆمەڵکوژییە بە پلانی پەدەکە بەڕێوەچووە کە چەندین کەس بەهۆیەوە شەهید بوون و بێسەروشوێن بوون، "ئێمە وەک چالاکوانان و کەسوکارانی ئەو کۆمەڵکوژییە، ئەو ڕۆژە و ئەو پارتە شەرمەزار دەکەین کە خۆی بە دۆستی کورد دەزانێت، بەڵام هەمیشە لە دژی کورد بووە و ڕۆڵەی کوردی لەناوبردووە و بەردەوام ڕێگە لە ئازادیخوازان دەگرێت".

 

بانو هەڵەبجەیی وتیشی: نەک تەنها ئەمساڵ بەڵکو ساڵانە یاداشت ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ پێدانەوەی تەرمی ئەو شەهیدانە، بەڵام دوای ٢٥ ساڵ تا ئێستا هیچ دەنگێکیان نییە و تا ئێستا هەواڵ و ڕووفاتی ئەو شەهیدانە نەدراوەتەوە دەستی کەسوکاریان.