کوشتنی ژنێک ئاشکرا دەکرێت کە بە "خۆکوژی" تۆمارکراوە

لە بەغدا پیاوێک هاوژینەکەی دەکوژێت و بە "خۆکوشتن" تۆمار دەکرێت، دوای لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت کە بکوژی ژنەکە، هاوژینەکەیەتی و دەستگیردەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەغدای پایتەختی عێراق، ئەمڕۆ دوو شەممە، لە بەیاننامەیەکدا وردەکارییەکانی کوشتنی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئاشکرا دەکات.

 

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە کە دوای لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەغدا توانیان کوشتنی گوماناوی ژنێک، کە لە کاتی تۆمارکردندا بە "خوکوژی" تۆمار کراوە، ئاشکرا بکەن و بۆیان دەرکەوت کە کردەکە خۆکوژی نییە و ژنەکە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

 

دوای ئەوەی کوشتنی ژنێک لە ناوچەی کازمییەی شاری بەغدا بە خۆکوشتن تۆمارکرابوو، لەبەر گوماناوی ڕووداوەکە، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەیان ئاڕاستەی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاری کازمیه کرد، دوای چوونە شوێنی ڕووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، بە بەڵگە خراوەتە ڕوو کە هاوژینی ژنەکە تاوانبارە، دواتر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بەهۆی کێشەی خێزانییە ژنەکەی کوشتووە.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تاوانبار بە پێی برگەکانی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کوشتنی ژنان بە خۆکوژی بەناودەکرێت و تاوانبار لە سزاکان هەڵدێت، لە حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانیشدا بیانووی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی دەهێنرێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان.