ژنان لە ئەفغانستان داوا دەکەن خوێندنگەکان بکرێنەوە

ژمارەیەک لە ژنانی بزوتنەوەی "یەکێتی هاوکاری ژنانی ئەفغانستان" گردبوونەوە و داوایان لە تاڵیبان کرد کە خوێندنگاکانی کچان بکەنەوە

ناوەندی هەواڵ

 

میدیای ڕەخشانەی ئەفغانی بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەیەک لە ژنانی "بزووتنەوەی یەکێتی و هاوکاری ژنانی ئەفغانی" ناڕەزایەتییان دژ بە داخستنی خوێندنگەکانی کچان دەربڕی و داوایان لە تاڵیبان کرد ئەو خوێندنگایانە بکەنەوە تا کچان بێ بەش نەبن لە خوێندن.

 

نەویدە خۆراسانی، یەکێک لە ژنە خۆپیشاندەرەکانە و ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە دروشمەکانی "کار و نان و پەروەردە"یان دەوتەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە داخستنی خوێندنگاکانی کچان لە ئەفغانستان سەرەتای تراژیدیایەکی بێوێنەیە.

 

دایکی خوێندکاران لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدارە، دایکێک کە کچەکەی لە پۆلی هەشتە دەڵێت: کاتێک تاڵیبان قوتابخانەکان داخست کچەکەم ئەوەندە دەگریا تا نەخۆش کەوت، ناچار بووم لە پۆلی شەشەم بە شێوەیەکی کاتی دایبنێم تا ڕێگە لە نەخۆش کەوتنەکەی بگرم.

 

ژنێکی دیکە داوای لە تاڵیبان کرد کە پرۆسەی پەروەردە و زانست و مەعریفە وەک فشار بەکارنەهێنێت، وتیشی: پەروەردە مافی بنەڕەتی ژنانی ئەفغانییە.

 

ت.پ