کۆچبەرانی شەهبا: لە بەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگ نابین
ئەو کۆچبەرانەی بەهۆی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە پەنایان بۆ ناوچە ئارامەکان بردووە، ڕایانگەیاند، چەتەکان کردەوەی نائەخلاقییان بەرامبەر ئەنجامداون و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا بێدەنگ نابن.
ڕەققە
لە ٢٧ی ئەم مانگەدا چەتەکانی تەحریر شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب، دوای هێرشەکانی سەر حەلەب، چەتەکان ڕوویان کردە شەهبا و سەدان کەس کە لە کۆچبەرانی عەفرینن و دوای لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ لەوێ نیشتەجێ بوون، دووبارە ئاوارە بوونەوە و لەگەڵ دانیشتوانی شەهبا و حەلەب کە لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کرایە سەر، ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
ئەو کۆچبەرانەی لە شەهبا و لادێکانی حەلەبەوە هاتوون و لە ناوچە ئارامەکاندا نیشتەجێ بوون، بەهۆی بارودۆخی زستانەوە تووشی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.
ڕۆنیا عوسمان شەخسۆ، کە خەڵکی عەفرینە، لەلایەن چەتەکانەوە بە زۆر لە ماڵەکەی دەرکراوە، لە بارەی عەفرین و ئاوارەبوونیانەوە دەڵێت: لە سەرەتای شەڕی عەفرین کۆچمان کرد بۆ حەلەب، کاتێک شەڕ لە حەلەب دەستی پێکرد، کۆچبەر بووین و لە عەفرینەوە چووینە تل ڕەفعەت، لەبەر ئەوەی هێرشەکان قورس بوون، ناچار بووین بچینە ناوچە ئارامەکان. کاتێک چەتەکان چوونە ناو تل ڕەفعەت، وتیان یان دەڕۆن یان دەکوژرێن، ناچار بووین تل ڕەفعەت بەجێبهێڵین، ئەوانەشی مانەوە ڕووبەڕووی کردەوەی نامرۆڤانە بوونەتەوە.
زاهید حەسەن، کە دانیشتووی عەفرینە، باسی لەوەکرد، ئەوان تەنها لەسەر خاکی خۆیان دەتوانن بە ئازادی بژین و وتی: ئێمە بە زۆر لە عەفرین دەرچووین. خاکی مرۆڤ لە هەموو شتەکانی مرۆڤ شیرینترە، مرۆڤ تەنها لەسەر خاکەکەی دەتوانێت بە ئاسوودەیی بژی. لە ساڵی ٢٠١٨ عەفرین داگیر کرا. هەموو وڵاتانی جیهانی ئەم ڕاستییە دەبینن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین، کەس پشتیوانیمان ناکات. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی بەسەرماندا دێت، لەگەڵ گەنج و پیر و منداڵەکانماندا شەڕ دەکەین و هەمیشە شوێن دۆزی شەهیدەکانمان دەکەوین.