دوای لافاوەکە، پاکستان داوای یارمەتی لە وڵاتان دەکات

بەهۆی ئەو لافاوەی وێرانکاری لە وڵاتەکە دروستکرد، پاکستان داوای یارمەتی زیاتری نێودەوڵەتی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

وڵاتی پاکستان لە مانگی حوزەیراندا ڕووبەڕووی لافاوێکی بەهێز بووەوە و زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون، لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەزاران کەس ماڵەکانیان بەجێهێشت، دوای ئەوەی ڕووبارەکانی پارێزگای خەیبەر پەختونخوا سەدەکانیان تەقییەوە و بەهۆیەوە لافاوی بەهێزیان لێکەوتەوە.

 

پارێزگای سیند لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە زیانی زۆری بەرکەوت و هەزاران کەس لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون، لە نزیک شاری لارکانە هەزاران ماڵی قوڕ لە ژێر ئاودا نوقم بوون، هەرچەندە هێشتا ئاماری تەواوی وێرانکارییەکانی پارێزگاکە بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بە خراپترین کارەسات پێناسەی دەکەن کە ڕزگاریان بووە لێی.

 

لافاو بۆ وڵاتی پاکستان نا ئاسایی نیە بەڵام دانیشتوانەکەی دەڵێن ئەم بارانانەی ئەمساڵ جیاواز بوون، هەروەها ڕووبەڕووی نەبوونی پێداویستی بوونەتەوە، پێداویستییەکانی ڕزگاربووان جیاوازن و خەڵکەکە بێ هیوان لە دەستکەوتنی خواردن، بەشێکی دانیشتووان دانەوێڵەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوان پێویستیان بە پارە هەیە بۆ ئەوەی پێداویستیەکانی تریان دابینبکەن.

 

شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، کە ٣٣ ملیۆن کەس بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە کە نزیکەی ١٥٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەکات، بۆیە ئەو وڵاتە پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی بێ ماڵ و خواردن بوون.