ڕاژن: نازم و جیهان بوونە دەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد

کۆردیناسیۆنی ڕاژن لە ڕاگەیاندراوێکدا بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتانی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، "لە هەموو شەڕێکدا بە کامێرا و پێشکەشکەشکردنەکانیان لە تەنیشت شەڕڤانان وەستابوون، ئەوان دەنگ و ڕەنگی ڕاستییەکان بوون، ئەوان بوونە دەنگ و ڕە

ناوندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی ڕاگەیاندنی ژنانی ئازاد-ڕاژن سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی تەواوی ڕاگیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"جگە لەو سیاسەتە جینۆسایدییەی کە دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکە دژی گەلی کورد ئەنجامی دەدات، لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا هێرشی بێ وەستان دژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستکەوتەکانی ئەنجام دەدات. ئەو کەسەی زۆرترین ویستی سوود لە ململانێکانی سووریا وەربگرێت و دەرفەتی داگیرکردنی ناوچەکە بقۆزێتەوە، دەوڵەتی تورکیا بوو. ئەو دەیویست لە ڕێگەی چەتەکانەوە ئەم کارە بکات و لە زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا بەڕێوەی برد، لە ساڵانی سەرەتای شەڕی سووریادا شارەکانی جەرابلوس و ڕای و عەزاز و بابیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب داگیر کرد. بەڵام لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر چەتری خۆبەڕیوەبەریدا بۆیان جێبەجێ نەکرا، شۆڕشی ڕۆژئاوا لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم ئەم داوایەی دەوڵەتی تورکیا. هەروەها سیستەمی خۆبەرێوەبەری وەک مەترسییەکی گەورە دەبینێت. لە کاتی هێرشەکانی چەتە بەکرێگیراوانی داعش بۆ سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی داعشەوە خواستی شۆڕشەکە تێکبشکێنێت و خەڵکی ناوچەکە کۆمەڵکوژ بکات. بەڵام لە هەمان کاتدا کە داعش شکستی هێنا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا درکی بەوە کرد کە شەڕەکەی لەگەڵ داعش کۆتایی پێدێت و داعش تێکشکاوە، بۆیە ڕاستەوخۆ دەستوەردانی کرد و هێرشی ڕاستەوخۆی دژی ڕۆژئاوا دەستپێکرد. لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرین، ساڵی ٢٠١٩ گرێسپی و سەرێکانییان داگیرکرد. ڕژێمی تورکیا دەیەوێت سنووری میساقی میللی زیندووو بکاتەوە، کە بەدرێژایی هێڵی حەلەب تا موسڵ و کەرکوک بە موڵکی عوسمانییەکانی دەزانێت.

 

بۆ ئەوەی دەستبەجێ کاردانەوەکانی ڕای گشتی لە دژی خۆی کۆ نەکاتەوە، ویستوی هەنگاو بە هەنگاو هێرشەکانی بە ئامانجی لەشکرکێشی و جینۆساید ئەنجام بدات. سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ هێرشی وشکانی و ئاسمانییان کردە سەر عەفرین و دوای ساڵ و نیوێک بە ئامانجی داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی هێرشیان کرد. ئەردۆغان خۆی ئەو فەرمانەی چ ژن بێت یان منداڵ لێیان بدەنی دا. تا ئێستاش لەو ناوچانەی داگیری کردووە، کردەوەی دڕندانە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و ژنان و منداڵان ئەنجام دەدات. ئێستا ڕوون بوو کە تورکیا شوێنپێی داعش پەیڕەو دەکات.

 

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە لەسەر بنەمای دوژمنایەتی کورد، شەڕێکی گەورە لەگەڵ چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە سووریا بەڕێوە دەبات. هەوڵ دەدات زیاتر بەشداری پرۆسەکە بکات لە سووریا. ئاکەپە کە هەمان ئەقڵیەتی چەتەکانی هەیە، لە ئێستاوە لە دەسەڵاتدایە و هەموو شتێکی وەبەرهێنانی کردووە بۆ ئەوەی سووریایەک بە ئەقڵیەتی داعشەوە بنیات بنێت.

 

دەوڵەتی تورکیا لە هەموو شوێنێک ڕاگەیاندنی ئازاد بە هەڕەشە دەبینێت و دەیکاتە ئامانج و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەوڵی بڕینی دەنگی ڕۆژنامەنووسان دەدات. سەرەتا بە هەڕەشە، کاتێک ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد گوێیان لەم شتە نەگرت، ئەمجارە بە لەناوبردنی جەستەیی یەکسەر دەیانکاتە ئامانج؛ بۆ نمونە هەڤاڵانمان گوڵستان، هێرۆ و نوژیان، دەنیز، دلیشان و ڕزگار و لە رۆژی ئەمرۆشماندا نازم داشتان و جیهان بیلگینیان کردە ئامانج.

 

زیاتر لە ٤٠ ساڵە سەرەڕای هێرشی چەتەکانی "ژیتەم" و کۆنتراکان، ڕاگەیاندنی ئازاد دەست لە ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکان ڕانەگرتووە. ئەو کاتەی بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا داعش،دڕندەیی لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا، خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بوون کە زۆرترین ڕاستییەکانیان ڕاگەیاند. دەنیز و نوژیان پێشەنگی ئەم خەباتە بوون. کردەوە دڕندانەکانی داعشیان لە شەنگال، کۆبانێ و ڕەقە بە جیهان ڕاگەیەند، بە فیداکردنی گیانیان وازیان لە وتنی ڕاستیەکان نەهێنا.

 

نازم و جیهان، وەک دوو ڕۆژنامەنووسی گەنج لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە باکووری کوردستانەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوا کرد، دەیانویست تێکۆشان و بەرخۆدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن. لە هەر شوێنێک شەڕ و هێرش هەبوو، لەوێ نازم و جیهان بوونە دەنگی حەقیقەت. لە کۆبانێ بوون، لە عەفرین بوون، لە عەین عیسا بوون، لە گیرێسپی و سەرێکانی بوون. لەم دواییانەدا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ بوون و لەوێ لەلایەن فڕۆکە داگیرکەرەکانی تورکیاوە کرانە ئامانج. نازم و جیهان بە ڕۆژنامەگەرییەکی قارەمانانە بوونە دەنگی هەر ساتێکی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا. لە هەموو شەڕێکدا بە کامێرا و پێشکەشکارییەکانیان لە تەنیشت شەڕڤانان وەستابوون، بوون بە دەنگ و ڕەنگی حەقیقەت، بوون بە دەنگ و ڕەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد.

 

هەروەها هەندێ لە ڕێکخراو و دامودەزگا و دەستپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانیش لەسەر ئاستی جیهان لێدوان دەدەن و دەڵێن به ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان تاوانە. ئەمە دۆزینەوەیەکی ڕاستە، بەڵام ئیتر بەس نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم کردەوەیە، پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسان تیکۆشان بکەن بۆ ئەوەی بکەرانی ئەم تاوانە لە دادگاکانی جیهاندا دادگایی بکرێن. جگە لە تاوانەکانی جینۆساید دژی گەلی کورد، دەوڵەتی تورکیا ئەو دەوڵەتەیە کە زۆرترین ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا بەئامانج دەگرێت. داوا لە هەموو ئەو دامودەزگا و دەزگایانە دەکەین کە بەناوی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و مافی ڕۆژنامەنووسانەوە کار دەکەن، لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدەن، بێدەنگ نەبن و بەو تاوانانە دادگاییان بکەن.

 

ئێمە وەک ڕاگەیاندنی ژنانی ئازاد-ڕاژن، بەئامانجگرتنی هەردوو هاوڕێیانمان شەرمەزار دەکەین. ئەوانیش بەشداری کاروانی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد بوون، ئێمە لە کەسایەتی نازم و جیهان، سەری ڕێز بۆ خەباتی هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد دادەنەوێنین، سەرەخۆشی لە کەسوکاریان و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەین. ئێمە جارێکی تر بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە بە پێی ئەوان دەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد بەرز دەکەینەوە و سەرکەوتن و گەشەسەندن بە بنەمایەک بۆ خۆمان دادەنێین".