یەک ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لەناوچوون

لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە یەک ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لەناوچوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە، یەک ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لەناوچوون، زۆربەی دارستانەکانی وڵاتەکە دەکەوێتە ناوچەکانی باکوور و لە کەنارەکانی باشووری دەریای خەزەرن، کە کەشوهەوای شێداری مامناوەندی هەیە و بە ٣ ملیۆن هێکتار مەزەندە دەکرێت.

 

هەروەها بەشەکانی دیکەی ئێران زیاتر لە  ملیۆن هێکتار دارستانیان هەیە و تەنیا ملیۆنێک و ٣٠٠ هێکتار لە ڕووی پیشەسازییەوە دەتوانرێت بقۆزرێتەوە، دارستانەکانی دیکەی بەهۆی نەبوونی پاراستن و زیانی سروشتی قۆستنەوەی بەرژەوەندییەوە بەکار ناهێنرێن.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ساڵی ١٩٧٨ەوە  دارستانەکانی ئێران ڕووبەڕووی وێرانکاری زیاتر بوونەتەوە و نزیکەی یەک ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆسی دەوڵەمەند لە ڕووی ئیکۆلۆژییەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لەدەست چوون. لە گیلان دارستانەکان بڕدراون بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە بەرهەمهێنانی چا و برنج و تووتن، بەکارهێنانی بەرژەوەندیخوازانە هاوشێوەی زەوییە دارستانییەکانی مازەندەران بووەتە هۆی وێرانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پڵنگی ئێرانی کە دواجار لە ساڵانی حەفتاکاندا بینراوە.

 

بەکارهێنانی بەرژەوەندیخوازانەی دارستانە سروشتییەکان لە دۆخێکدایە، کە دامەزراوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە تەواوی کەمتەرخەم بن لەم ڕووەوە و هاندەری زیادبوونی ئەم کارەن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی سزای تاوانباران بکەن.

 

جگە لەوەش ساڵانە دارستانەکانی دار بەڕوو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ مەبەستی سیاسی ئاگریان تێبەردەدرێت و ئەمەش جگە لە وێرانکردنی دارستانەکان، دەبێتە هۆی توندتربوونی گەرمای زەوی.

 

دارستانەکان بە هەڵگرتنی کاربۆن سوودی گرنگی ژینگەیی دەبەخشن بە کەمکردنەوەی گەرمبوونی جیهان، بڕین و لەناوبردنی دارەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو بەرگەهەوا و لە ئەنجامدا گەرمی زیاتر لەسەر زەوی دروست دەبێت، ئەمەش دەرئەنجامەکانی زۆر خراپتریشی دەبێت.