ئەحلام بالحاج، چالاکوانی فێمینیست کۆچی دوایی کرد

ئەحلام بالحاج، چالاکوانی فیمینیستی تونسی کە تا دوا ساتەکانی ژیانی لە خەمی چارەسەری کێشەوگرفتی ژناندا بوو، کۆچی دوایی کرد.

تونس

 

پزیشک ئەحلام بالحاج، چالاکوانی فێمینیست ئێوارەی ١١ی ئادار، لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا دوای ململانێیەکی زۆر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

 

ئەحلام بالحاج، لە ساڵی ١٩٦٤ لە پارێزگای نابلی تونس لەدایکبووە و وەک پزیشکی دەروونی منداڵ و پرۆفیسۆری یاریدەدەری پزیشکی کاری کردووە، بەرپرسی سکرتارییەتی گشتی سەندیکای گشتی پزیشکانی نەخۆشخانەی زانکۆ بوو تا گیان لەدەستدانی و دوو جار وەک سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس خزمەتی کردووە.

 

ئەحلام بالحاج بە خەبات و تێکۆشانی بۆ دیموکراسی و مافەکانی ژنان لە تونس ناسرابوو، یەکێک بوو لە دەنگە کاریگەر و گرنگەکانی فێمینیست کە سەرەڕای نەخۆشییەکەی هیچ خەباتێکی لە دەست نەداو بەردەوام بوو.

 

ئەحلام بالحاج لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسەکەماندا ئەنجامدا و تێیدا باسی لە گرنگی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی ژنان و هاودەنگی کرد، جەختیشی کردەوە کە خەبات ناوەستێت بەڵکو بەردەوام دەبێت.