هاوپەیمانی نەدا ئیدانەی دەستگیرکردنی چالاکوانانی ژنی کورد لە تورکیا دەکات
هاوپەیمانی نەدا لە بەیاننامەیەکدا زوڵم و ستەمی دژ بە چالاکوانانی ژنی کوردی لە تورکیا شەرمەزار کرد.
ناوەندی هەواڵ
هاوپەیمانی نادا کە پێکدێت لە دەیان ڕێکخراو و کەسایەتی چالاک و کاریگەر لە زیاتر لە ١٨ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەو زوڵم و نادادپەروەرییەی ئەم دواییەی دژ بە چالاکوانانی ژنی کورد لە تورکیا شەرمەزارکرد، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا ئامانجی دەوڵەتی تورک لە ئەشکەنجەدان و کوشتن و دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی چالاکوانانی ژنی کورد شکاندنی ئیرادەی ژنی ئازادە.
"دەستبەسەرکردنی چالاکوانان بێدەسەڵاتی حکومەتی تورکیایە بەرامبەر ئیرادەی ژنان"
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "هەڵمەتی لە ١٦ی ئادار کە دەستگیرکردنی دەیان چالاکوانی ژنی کوردە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگەکانی ڕۆژی جیهانی ژنان، شەرمەزار دەکەین، ئەو بەشداربوونەی ژنان یەکێکە لە مافە هەرە بنەڕەتییەکان و دەستگیرکردنەکە بەڵگەیە لەسەر ناتەبابوونی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، ئەمەش ڕێبازی سیاسەتی پیاوسالاریی دژ بە ژنان پشتڕاست دەکاتەوە، خەمبارین بەوەی ئەم سیاسەتە لەهەموو شوێنێک کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، لە چ ئێشی ژنانی چالاکوانی فەلەستینی و چ ئێشی ژنانی سوریا لە کۆچبەری و هەژاری و کۆمەڵکوژی، هەروەها گێچەڵکردن و نادادپەروەری و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی سەحرای یەمەن و پێشێلکاری بەرامبەر ژنانی ئەفغانستان، هەموو ئەمانە یەکبوونی عەقڵییەتی پیاوسالاری لە هەموو شوێنێک دووپات دەکاتەوە".
هاوپەیمانی نەدا پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی کورد کە لە تورکیا دەستگیرکراون دەربڕی و وتی: "ئێمە بە ناوی هاوپەیمانی نەدا پشتگیری و پاڵپشتی خۆمان بۆ ژنانی کورد لە تورکیا دووپات دەکەینەوە، بەرخۆدانی ئەوان ئیرادەی ئێمە بۆ زیاترکردنی تێکۆشان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی ژنان و پشتگیریکردنی هەموو ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی و توندوتیژی و زوڵم و ستەم دەبنەوە، زیاتر دەکات".
ت.پ