ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل دەستیپێکرد

ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل دەستیپێکرد، کۆمەڵەی ژنانی کوردستان لە پەیامی ئەمساڵیاندا ئاماژەیان بەوەدا، لە پێناو ئازادی تەواوی گەلەكەمان‌ و تۆماركردنی مێژوێكی پاك بۆ خۆمان، لە چوارپارچەی كوردستان تێكۆشانی هاوبەش بڵند بكەین.

ڕاپەڕین

 

ئەمڕۆ، ٢١ی ئادار، سەری ساڵی کوردی، لە بناری قەندیل بە دروشمی "کات کاتی ئازدییە" ئاهەنگی پیرۆزبایی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، ژنان بە جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگ و هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە لە شەوی ڕابردووەوە چاوەڕوانی ئاهەنگن.

 

سەرەتای ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی پاکڕەوان و گیانفیدایانی ئازادی دەستیپێکرد، پاشان ئاگری نەورۆز لەلایەن خانەوادەی شەهیدان کرایەوە و وتاری لایەنەکان خوێندرایەوە.

 

لە دەستپێکی ئاهەنگەکەدا پەیامی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان پەخشکرا و ئاماژەی بەوەدا کە نەورۆز واتای بەرخۆدانی و پێداگرییە بۆ گەلی کورد، دوژمنانی کورد چەندین ساڵە هەوڵدەدەن گەلی کورد لەناو ببەن، بەڵام گەلی کورد هەموو دۆخێلدا هەبوونی خۆی دەسەلمێنێت و پلانی دوژمنان پوچەڵدەکاتەوە.

 

وتاری کۆمیتەی ئامادەکار خوێندرایەوە و وتاری کۆمەڵەی کۆمەڵگەی کوردستان-کەجەکە کە لەلایەن جەمیل بایک درا، پاشان وتاری کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە لەلایەن لالە ئازاد خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەمجارەش لە چواردەوری هێزو گڕو تینی ئاگرێك كە ساڵ بەساڵ گەشتر دەبێت بۆ سوتاندن ‌و لە ناوبردنی زوحاكەكانی سەردەم كۆبوینەتەوە. نەورۆزی پەنجا ساڵەی تێكۆشانی ئازادی گەلان، نەورۆزی سی ساڵەی تێكۆشانی ئازادی ژن، بە پێشەنگایەتی كاوەی سەردەم (مەزڵوم دۆغان، هەڤاڵ زەكیە ئاڵكان، رەهشان، رۆناهی، بێریڤان، سەما یوجە، فكری بایگەلدی، ساكینە جانسز، ڤیان سۆران، ئارین میركان و شیرین عەلەمهولی) تەواوی ئەو شەهیدانەی بە جەستەی خۆیان ئاگری نەورۆز‌ و بەرخودانیان گەش كردەوە، پیرۆز دەكەین و یادیان بەرز رادەگرین و سەری رێزیان لە بەرامبەر دادەنوێنین. ئەوان بوون كە نەرۆزی ئازادیان كردە سەرەتای پووچەڵ كردنەوەی لۆزان و تێكبردنی هێڵی بەكرێگیراوێتی. بە پێشەنگایەتی ئەو شەهیدانە نەورۆزی ئازادی بووە بە سەرەتایەك بۆ كۆتایی هێنان بە فاشیزم و سیستەمی پیاوسالاری.

 

کەژەکە لە وتارەکەشیدا ئاماژەی بەوەدا "نەورۆز واتا پابەندبوونی گەلانە بە ئازادی، ئازادیش بە بڵندكردنی تێكۆشان مسۆگەر دەبێت. بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ، نەورۆز جارێكی دیكە گەیشتەوە واتای راستەقینەی خۆی، كە مسۆگەر كردنی ئازادی گەلانی بن دەست و تێكۆشان و بەرخودانی گەلانە لە بەرامبەر فاشیزم و زوحاكەكان و بەكرێگیراوانیان. تێكۆشانی پەنجا ساڵەی بزتنەوەی ئازادی گەلی كورد بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ، كە بووە بە تێكۆشانی ئازادی گەلان‌و ئەمڕۆ ژنان بونەتە پێشەنگی، هەروەها بە رۆحی ئەو ژنانەی كە لە هەشتی ئاداردا رژانە مەیدانەكان و مۆری خۆیان لە بەرخۆدانی ساڵدا‌و رۆحی هەشتی ئاداریان كردە پەیام و پێشكەش بەم رۆژەیان كرد، نەورۆزتان لێ پیرۆز دەكەین".

 

هەروەها هاتووە، بەو رۆحەوە جەژنی تێكۆشانی ئازادی ژنان و گەلانیان ئاوێتەی یەكتر كردوە و ئێستا لە هەر چوار پارچەی كوردستان، لە قەندیل قەڵای بەرخودان ئەو رۆحە جارێكی دیكە بانگی لەناو بردنی فاشیزم و داگیركاری، بەكرێگیراوێتی و لە ناو بردنی سیستەمی پیاوسالاری، هاواری مسۆگەركردنی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و بونیادنانی سیستەمی دیموكراسی، ژینگەپارێزی و ئازادی ژن بەرز دەكاتەوە، لە کۆتایشدا کەژەکە دەڵێت: "وەك كۆمەڵەی ژنانی كوردستان بانگەوازی لە تەواوی ژنانی پێشەنگ‌ و ئازادیخواز، گەلەكەمان دەكەین لە بەرامبەر هەموو هێرش‌ و پیلانەكان دەستی بەهێزكردنی یەكێتی ‌و تێكۆشانی هاوبەش درێژی یەكتر بكەین. لەم پێناوەدا بەرژەوەندی رۆژانە‌ و كاركردن بۆ دەستكەوتی بچوك بەلاوە بنێین ‌و لە پێناو ئازادی تەواوی گەلەكەمان‌ و تۆماركردنی مێژوێكی پاك بۆ خۆمان، لە چوارپارچەی كوردستان تێكۆشانی هاوبەش بڵند بكەین".

 

ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل بەردەوامە و دوای وتارەکان گروپی هونەری چیای شەنگال بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.

 

ت.پ