بەردەوامی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە بۆروجێرد؛ ئەمجارەیان خوێندکارە کوڕەکان

دوابەدوای ژەهراوی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی کچ لە قوم و بۆروجێرد، ئەمڕۆ بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی پارێزگای لوڕستان ژەهراوی بوونی ژمارەیەک خوێندکاری کوڕی شاری بۆروجێرد ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووشەمە، هاوکات لەگەڵ گومانلێکراوی ژەهراویبوونی قوتابیان لە بەشێک لە شارەکانی ئێران، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی لوڕستان ژەهراوی کردنی ژمارەیەک لە خوێندکارە کوڕەکانی قوتابخانەی خەیام لە بۆروجێرد ڕاگەیاند.

 

بە وتەی بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی لوڕستان، تا ئێستا پوختەیەکی تەواو لە ژمارەی خوێندکارە ژەهراویەکان نەخراوەتەڕوو، پاش تۆمارکردنی دۆسیە بۆیان ژمارەکەیان ڕادەگەیەنرێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە دوێنێوە تا ئێستا، قوتابیانی قوتابخانەکانی ئینقیلاب، شەرەف ئیسلام ئاباد و قوتابخانەی سەرەتایی فریشتەگانژەهراوی بوون و تا ئێستاش ژمارەی وردی ئەو خوێندکارانە بەردەست نییە.

 

ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام بووە و ژمارەیەک لە مامۆستایانی قوم و زانکۆکان ڕایانگەیاندبوو کە ئەم ژەهراویکردنە ڕێکخراوە و ڕایانگەیاندبوو کە ئەم کارانە لەلایەن گروپێکی ڕادیکاڵەوە ئەنجام دەدرێت کە بە هەزارەییەکان ناسراون بۆ دروستکردن ترس و ڕێگریکردنیان لە خوێندن.

 

یونس پەناهی، جێگری سەرۆکی لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیای تەندروستی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە، ژەهراویبوونی خوێندکاران بەهۆی ئاوێتە کیمیاییە بەردەستەکانەوە بووە و وتی: ئەو ڕێوشوێنانە لەلایەن هەندێک کەسەوە بە ئامانجی داخستنی قوتابخانەکان بەتایبەتی قوتابخانەکانی کچان گیراوەتەبەر.

 

پێویستە بوترێت کە هەواڵی گیان لەدەستدانی یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی قوم بە هۆی ژەهراوی بوون لە هەندێک میدیادا بڵاو بووەوە و ئەوان ڕایانگەیاند کە بنەماڵەی ئەم کچە ناسراو بە فاتمە ڕەزایی لەلایەن دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ڕژێمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە بۆ ئەوەی خۆیان لە ئاگادارکردنەوە لە مردنی منداڵەکەیان بەدوور بگرن، هەروەها میدیاکانی سەر بە حکومەت بە بڵاوکردنەوەی قسەکانی باوکی فاتیمە ڕەزایی، مردنی ئەم خوێندکارەیان بەهۆی ژەهراویبوونەوە ڕەتکردووەتەوە.