وشکەساڵ ئەفریقا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا خراپتربووە

ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی کەشوهەوا ئاشکرای دەکات، لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا لە وەرزی بارانباریندا لە ناوچەکانی سۆماڵ و کینیا و ئەسیوپیا باران بارین لە خوار ئاستی ئاساییەوە دەبارێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی گروپێکی چاودێری کەشوهەوا کە بنکەکەی لە کینیایە ئاماژەی بەوەداوە، سێ ساڵە بارودۆخی وشکەساڵی لە قۆڕنی ئەفریقا خراپتربووە، سەنتەری پێشبینی و بەکارهێنانی کەشوهەوای ئیگاد (ICPAC) دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە سێ مانگی داهاتوودا بارانبارین لە ئاستێکی نزمدا بێت بە بەراورد بەوەی بۆ ناوچەکە پێویستە.

 

لە بەشێک لە ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە بەهۆی وشکەساڵی ئەم دواییە و ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە، ئەمە شەشەمین وەرزی بارانبارینی لەسەریەکە کە ناوچەکە بە دۆخێکی سەختی وشکە ساڵیدا پیایدا تێدەپەڕێت، لە بەرامبەردا پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرەو زیاتر بچێت، بارودۆخی ئەسیوپیا و باشووری سودان، باکووری ڕۆژئاوای کینیا و بەشێک لە ناوەڕاست و باشووری تانزانیا قەیرانەکانی کەشوهەوا تیایدا زیاتر دەبێت.

 

لە ئێستادا بە مەزەندەکردن ٢٣ ملیۆن کەس لە ئەسیوپیا و کینیا و سۆماڵدا لە قەیرانی نەبوونی خۆراک و ئاوی پاکی پێویستدان و ١١ ملیۆن ئاژەڵ لە ناوچەکەدا گیانیان لەدەستداوە, مانگی ڕابردوو ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سۆماڵ هۆشداری دابوو کە ڕێژەی مردن لەو وڵاتەدا لە ڕێژەی مردن بەهۆی برسێتی ساڵی ٢٠١١ زیاتر دەبێت، کاتێک زیاتر لە ٢٦٠ هەزار کەس بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها ڕێکخراوی ئیگاد پلانی هاوبەشی بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی قەیرانەکە لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و کۆمەڵگاکانی مانگی سوور ڕاگەیاندووە، ئەم وشکەساڵییە درێژخایەن و دووبارەبووانەی گۆڕانی کەشوهەوا بەرەو خراپتر دەچن، کە ئاستەنگە مرۆییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا زیاتر دەکەن، لەوانەش قەیرانی بەردەوامی برسێتی، کاریگەرییەکانی کۆڤید-١٩ و ئاوارەبوونی ناوخۆیی،  چارەسەرکردنی ئەم قەیران و ئاستەنگییانەی خەڵکی ناوچەکە پێویستی بە بە بەهێزکردنی سیستەمی خۆراک و بژێوی ژیان هەیە

 

بەهۆی وشکەساڵی کە قۆڕنی ئەفریقای گرتووەتەوە، نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس کە ٪٨٠ یان ژن و منداڵن، لە ناوخۆی سۆماڵ ئاوارە بوون، دوای پێنج وەرزی خراپی بارانبارین لەسەریەک، وشکەساڵی بەردەوام لە ئێستاوە بووەتە درێژترین و توندترین وەرزی مێژووی ئەم دواییەی سۆماڵ.

 

بەپێی گروپێکی کاری ئاسایشی خۆراک بە سەرۆکایەتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتی نێوان حکومەتەکانی ناوچەکە بۆ گەشەپێدان وا بیردەکرێتەوە کە نزیکەی ٢٣ ملیۆن کەس لە سۆماڵ و ئەسیوپیا و کینیا لە قەیرانی نەبوونی خۆراکی پێویستدا دەژین.