جینۆسایدی ئێزدیەکان لەلایەن پەرلەمانی سویسرا پەسەند کرا
ئەنجومەنی فیدراڵی سویسرا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکانی پەسەند کرد.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم، دوای ١٠ ساڵ لە جینۆسایدی ئێزدییەکان، لەکاتێکدا کە بە هەزاران ژن و منداڵ لە شارە جیاجیاکان لەژێر کاریگەری گروپی داعشدا وەک کۆیلەی سێکسی فرۆشران، هەزاران ئێزدیش کۆمەڵکوژ کراون و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەخاک سپێردران و چارەنووسی هەزاران کەس تا ئێستا دیار نییە، پەرلەمانی فیدراڵی سویسرا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە دان بە جینۆسایدی نەتەوەیی ئێزدیدا دەنێت.
فابیان مۆلینا، نوێنەری پارتی سۆسیالیستی سویسرا لە پەرلەمانی فیدراڵی و سیبەل ئەرسلان، نوێنەری پارتی سەوز، پلانێکیان پێشکەش بە پەرلەمانی فیدراڵی وڵاتەکە کرد بۆ ناساندنی ئەو جینۆسایدەی تاوانبارانی داعش دژی ئێزدییەکان ئەنجامیان داوە. دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمانی فیدراڵی بەڕێوەچوو. هەروەها ڕزگاربووانی قوربانیانی جینۆسایدی داعش و کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایە ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا فابیان مۆلینا پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست قسەی کرد و ڕایگەیاند کە تاوانەکانی داعش لەلایەن تیمی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNITAD) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە بەڵگەدارکراون. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم کارانە لەسەر بنەمای کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردن و سزادانی جینۆساید بە نموونەی جینۆساید دادەنرێت.
"بەنیازی لەناوبردنی ئێزدییەکان بوون"
مۆلینا باسی لە هێرشەکانی داعش بە مەبەستی لەناوبردنی ئێزدییەکان کرد و لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەی بێ سزای ئەم جۆرە تاوانانە بۆ سەروەری یاسا و ڕێگریکردن لە تاوانەکان زۆر گرنگە. بە لەبەرچاوگرتنی دووبارە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی داعش لە سووریا، گرنگی ئەم پڕۆژە یاسایە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
"نابێت ئەم دڕندەییە بێ سزا بمێنێتەوە"
سیبەل ئەرسلان ، نوێنەری پارتی سەوزیش قسەی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە ناساندنی ئەم تاوانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە جینۆساید و دانپێدانانی لەلایەن هەندێک لە دەوڵەتەکانەوە، ڕایگەیاند کە نابێت ئەم تاوانە بەربەرییانە بێ سزا بمێنێتەوە.
دوای وتارەکان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە درا. لە بەرامبەر ٢٧ دەنگی بێلایەن و ٦٢ دەنگی نەرێنی، ئەم پلانە بە ١٠٥ دەنگی ئەرێنی پەسەند کرا.
بەپێی ئەم بڕیارنامەیە، دەوڵەتی سویسرا:
"کوچی زۆرەملێ، دەستدرێژی، تاوانی سیستماتیک؛ بە مەبەستی جینۆساید دژی ئێزدییەکان، هەروەها لەناوبردنی خەون و خەیاڵی ئەو کەسانە بە سەپاندنی عیبادەت بە توندوتیژی بە سەریان، ئیدانە دەکات و هێرشەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤و دوای ئەوەش دژی نەتەوەی ئایینی ئێزدی لە عێراق بە جینۆساید دەناسێت. هەروەها داوا دەکرێت وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە ڕێگەی تۆڕی دیپلۆماسی خۆیەوە ئەم پڕۆژە یاسایە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بنێرێت؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوا لە ئەنجومەنی فیدراڵی دەکرێت پابەندبوونی نێودەوڵەتی بدات بەرامبەر بەو تاوانانەی ئەنجامدراون".