منداڵپارێزی کوردستان داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، سەرەڕای ئاماژەدان بە دۆخی ناهەموواری خەڵک و بە تایبەت منداڵان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، داوا دەکات، بەپەلە ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بگیرێتەبەر بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان، بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەک بۆ دانیشتوانی ناوچەکە

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان سەبارەت بە خراپی دۆخی سووریا و ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان و هاوكاریی كردنیان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوكردەوە و  ڕایگەیاند، كارەساتێكی وێرانكەری مرۆیی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) ڕوودەدات، كە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئاوارە كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، بەهۆی توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی شەهبا لە باكوور و ڕۆژئاوای وڵات هەڵاتوون و ئاوارەبوون، بەتایبەتی لە حەلەب خەڵكێكی زۆر ئاوارەبوون، خێزانەكان بێ شوێنی حەوانەوە و خۆراك و چاودێریی پزیشكیی پێویست ماونەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی كوردیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پیلانی فریاگوزاریی چالاك كردووە، بۆ جێگیركردنی ژمارەیەكی زیاتر لە ئاوارەكان، كە لە ڕێگەی دەروازەی تەبقەوە دێن.

 

باسی لەوەشکراوە، لە ئێستادا، بەھۆی وەرزی سارد و سەرما  خێزانە ئاوارەکان خوێندنگە و مزگەوتەکانیان كردووە بە پەناگەیەك بۆ خۆیان هەروەها پێداویستییە سەرەتاییەكان بەردەست نین. داخستنی دەروازەی خاڵە سنورییەکان وەک دەروازەی یەعروبیە (تەل کۆچەر) بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ ڕێگری کردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.

 

سارا ڕەشید، سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت: ئەمە کارەساتێکی مرۆیی یەکجار گەورەیە و دۆخەکە گەیشتوەتە خاڵێکی هەستیار، بەردەستبوونی  پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و ئاو و چاودێری پزیشکی لە ئێستاوە کەمە. قەیرانەکانی ئەم ماوەیە تەنها بووەتە هۆی زیاتر سەختکردنی بارودۆخەکە، هەر لەخۆیدا فشارەکانی ئەم دواییانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێویستییەکان و خزمەتگوزارییەکان. بۆیە دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بەپەلە دەکەین بۆ کردنەوەی خاڵە سنورییەکان بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان تێپەڕببن. تەنها لە ڕێگەی هەماهەنگی کردن دەتوانین ڕێگربین لە ئازارچەشتنی زیاتری ئەم خەڵکە لێقەوماوە.

 

هەروەها جەختی کردەوە لە گرنگی هاوکاری کردن و پاراستنی منداڵان کە ڕەنگە زۆرێکیان بە تەنیا بن و کەس نەبێت چاودێریان بکات کە ئەمەش وادەکات لەم بارودۆخەدا زیاتر لە مەترسیدا بن، ڕایگەیاند: " لەم بارودۆخە سەختانەدا زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەند بێت بە مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت مافەکانی منداڵان. منداڵان لەم کارەساتەدا بێدەستەڵاتن و دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی لە کاتی گەیشتنی هاوکارییەکان بێبەش نابن و دەپارێزرێن".

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، داوا لە دەزگا و بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ کۆکردنەوەی پێداویستی بە زووترین کات، و دڵنیابن لەوەی کە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خواردن و دەرمان و پەناگە دابیندەکرێت بۆ منداڵان بێ دواکەوتن.

 

گرنگترین فریاگوزارییەکان:

١- پێویستە بەپەلە ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بگیرێتەبەر بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان، بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەک بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.

٢- دەبێت بە زوترین کات ڕێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ دابینکردنی خۆراک و شوێنی حەوانەوە و پێداویستی پزیشکی بۆ منداڵانی ئاوارە و خێزانەکانیان.

٣- هەماهەنگی کردن بۆ وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە مرۆییە و ڕێگریکردن  لە پەرەسەندنی.