یاریکردن ئامرازێکی گرنگی پەروەردەییە
میهرەبان حسێن
یاریکردن دەروازەیەکی جەوهەرییە بۆ گەشەکردنی لایەنی دەروونی و مەعریفی، و هەڵچوونی، منداڵ و لەڕێگەی زانین و پۆلێنکردنی شتەکان و کەرەستەکانی بەردەستی منداڵ فێری ناوەکانیان دەبێت و بەوەش لایەنی زمانەوانیان گەشەپێدەدەن، دواتر لەڕێگەی قسەکردنەوە کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پێکهاتنی تواناکانی پەیوەندیکردن و دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا.
مێژووی یاریکردن بۆ دێر زەمان دەگەڕێتەوە و لەسەرەتادا بەشێوەیەکی سادە بووە و دواتر بەتێپەڕینی سەدە و سەردەمەکانی پێشکەوتنی شارستانییەتی کۆمەڵگەکان گۆڕانی گەورەی بەخۆوە بینیوە، زانایان بۆچوونیی جیاوازیان هەبووە، بەڵام کۆک بوون لەسەر تایبەتمەندی و سودەکانی یارییە جۆراو جۆرەکان، هەروەک (هێربارت سپنسەر) لە تیۆرەکەیدا باس لە ڕۆڵی یاریکردن دەکات کە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ دەربازبوونی منداڵ لەو وزە زۆرەی کە هەیەتی، (ستانلی هۆلیش) یەک لەو زانایانەی، کە پێی وایە مرۆڤ لەڕێگەی یاریکردنەوە دەتوانێت داهاتووی بنەخشێنێت، هەروەها (قوتابخانەی شیکاری دەروونی فرۆید) یش پێیان وایە یاریکردن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی سەردەمی منداڵی، لەکاتێکدا دەکرێت ئەو منداڵە لەخێزانێکدا بێت کە کێشەیان هەبێت وەک توندوتیژی یان هەبوونی شەڕو ئاژاوە یاخود گیرۆدەبوونی منداڵ بەدۆخیکی دەروونی، لەبەرامبەر بەمانەدا منداڵ لەرێگەی بەشداری کردنی یارییە بەکۆمەڵییەکان و منداڵانی کۆڵانەکەیدا دەتوانێت دورکەوێتەوە لەو دۆخە دەروونیە، یاخود بەهۆی یارییکردنەوە ئەمڕۆ دایبابان دەتوانن بەئاسانی دۆخی منداڵەکەیان دیاریبکەن بەوەی لە یارییە هاوبەشەکاندا ئازاری هاوڕێکانیان دەدەن و یاریەکانیان دەشێوینن یاخود ئەو کەرەستە و بوکەڵانەی کە لەبەردەستیین لێیان دەدات و سوکایەتیان پێدەکات و بەو کەسانەیان دەشوبهێنن کە ڕقیان لێیان دەبێتەوە، هەتا وێنەکێشانیش بەشێکە لە یاریکردن کە منداڵ نائاگا وێنەیەک دەکێشێت کە دەتوانێت تەعبیر لەو دۆخەی بکات کە تییدا دەژی، ئەوەش بۆ دەروونناسێک ئاسان دەبێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی دۆخە دەروونیەکەیی و دیاریکردنی هۆکارەکانی.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا کۆمەڵێک لەجۆری یاریکردن هەن وەک یاری ماڵەباجێنە و خانوو دروستکردن بە بەرد و کەرەستەی جیاواز یاخود هەلوکێن و هەڵماتێن و هەڵماقۆ و چەندینی تر کە دەکرێت خێزانەکان بە چاوێکی کەمەوە لێیان ڕوانیبێت، لەکاتێکدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گەشەسەندنی داهێنان و فراوانکردنی یادگە و بیرکردنەوەیان، سەرەڕای ئەوەش منداڵ دوردەخاتەوە لە گۆشەگیری و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی ووشە و ڕستە و ئاستی زمانەوانیان بەهێز دەکات، هەر لەڕێگەی ئەم جۆرە یاریکردنەوە منداڵان دەرفەتیان بۆ دەرەخسێت بۆ داهێنان، هەروەک زانایان سەلماندویانە کە لە ڕێگەی بنیاتنان و دروستکردن و تێکدان و شکاندنی کەرەستەکانی یاریکردنەوە منداڵان دەکرێت لەداهاتودا ببنە ئەندازیار، لەلایەکی ترەوە هەستەوەرەکانیان بەهێز دەکات و لە گەورەساڵیاندا دەبنە کەسێکی بەتەرکیز و وردبین، ئاستی بیرهێنانەوەیان فراواندەکات، کەواتا زۆر پێویستە دایبابان منداڵەکانیان بەشداری پێبکەن لەیاریە کوردەواریەکاندا، لەکاتێکدا خانوەکان بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەرتەسکبونەتەوە و توانای جموجوڵ و یاریکردنی منداڵان کەمبوەتەوە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی وزە زۆرەکەی تەمەنی منداڵیان کبت و بچەپێنن و لەداهاتوودا ببنە تاکێکی گۆشەگیر یاخود شەرەنگێز و لاواز، بەرامبەر بەم دەستەواژەیە زانایان سەلماندویانە کە ئەو منداڵانەی لەتەمەنی سەرەتاییاندا بەجوڵەو بە زەحمەت بوون لە گەورەساڵیاندا دەبنە مرۆڤگەلێکی میهرەبان و بەسەلیقە و زیرەک و داهێنەر.