مانگی شەهیدانی ژن لە ڕانیە بەرز ڕاگیرا

بە مەراسیمێک یادی زەینەب کناجی، ناسراو بە زیلان، و هەموو ژنانی شەهیدی مانگی حوزەیران بەرز ڕاگیرا و ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: پێویستە ژنان خەبات بکەن و هەوڵی ئازادکردنی کوردستان بدەن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- شەوی ڕابردوو بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بە بەشداری ژنانی ئەندام و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ژنانی ئازادیخواز، لە مەراسیمێکدا مانگی حوزەیران، کە بە مانگی شەهیدانی ژن ناسراوە، بەرز ڕاگیرا.

 

لە مەراسیمەکەدا، شەهیدان، زیلان، گوڵان، بێریڤان و سەما یوجە و  هەموو شەهیدانی مانگی حوزەیران یاد کرانەوە، دیلان ڕێبوار، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، نامەی شەهید زیلانی کە بۆ ژنانی ئازادیخواز و دەربارەی چالاکییەکەی نووسیبووی، خوێندەوە، هەروەها لە درێژەدا، باس لە خۆڕاگری ژنان و بەرخۆدانی و خەبات و ڕۆڵی ژنان کرا.

 

شادی سەمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، دەربارەی شەهید زیلان (زەینەب کناجی) باسی لەوەکرد، کە حەزی دەکرد شەهید زیلان بناسێت، تا ئەزمونێک لە ژیانی وەربگرێت، وتیشی: شەهید زیلان کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە، هێز و وزە دەبەخشێت و جێگەی شانازیە بۆ ئێمەی ژنانی کورد و هەموو ژنانی جیهان، کە گیانی خۆی فیدا کرد و بووە هۆی ترسێکی گەورە لەناو سەربازانی سوپای تورکیادا.

 

شادی سەمەد، پەیامی خۆی بۆ ژنان دەنێرێت و دەڵێت: پەیامی من بۆ سەرجەم ژنانی جیهان و ژنانی باشووری کوردستان ئەوەیە، چاو لە هەڤاڵ زیلان بکەن و خەبات بکەن، لەپێناو نەتەوەکەیاندا هەوڵی ئازادی نەتەوەکەیان بدەن، ئێستا بارودۆخی کوردستان بە تایبەتی باشووری کوردستان سەختە، ئەگەر ئێمە بێدەنگ بین ئێمەی گەلی کورد و بە تایبەتیش ئێمەی ژنان قوربانی یەکەم دەبین لە هێرشە داگیرکاریەکانی سوپای تورکیادا، بەداخەوە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی میساقی میللی دەدات، ئەگەر ئێمەی ژنان بێدەنگ بین و هەڵوێستمان نەبێت، کارەساتی گەورەمان بەسەردێت، پێویستە خۆمان لە کەسایەتی هەڤاڵ زیلان ببینینەوە، باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و بە هێز بین، هەتا وەکو دوژمنان نەتوانن خاک و وڵاتی ئێمە داگیر بکەن، پێویستە ئێمە هەموومان دەست لەناو دەست خەبات بکەین بۆ ئازادی کوردستان و هەموو ژنانی جیهان.