ژنان دەتوانن کشتوکاڵ بەرەو باشتر ببەن

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە پاراستن و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بە بەشداریکردنی ژنان لە بڕیارداندا پێشدەکەوێت، ژنانی گوندنشین بە درێژای مێژوو کاریگەرییان لەسەر پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵی هەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە پاراستن و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بە بەشداریکردنی جووتیارانی ژن بە شێوەیەکی بەرفراوانتر کاتێک بەشداری لە بڕیارەکانی گروپیدا بکەن بەرەو باشتر دەڕوات.

 

ڕاپۆرتەکە لە مانگی شوباتدا لە گۆڤاری Communications Earth & Environment بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و دەرئەنجامەکانی پاراستنی لەنێو گروپی توێژینەوەکەدا باشتر بووە کاتێک بەشداری ژنان زیادیکردووە.

 

دۆزینەوەکان تەواوکەری کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی گەشەسەندوون کە تیشک دەخەنە سەر ئەو کاریگەرییە گرنگانەی کە ژنان دەتوانن هەیانبێت لە بەڕێوەبردنی کاریگەر و کارامەی سەرچاوە سروشتییەکان و هەوڵە کشتوکاڵییەکان.

 

سەرەتا توێژینەوەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی پێدانی هاندانێکی دارایی جووتیاران بۆ پاراستنی ژینگە داڕشتبوو، ئامانجیان ئەوە بوو کە سەیری ئەوە بکەن کە جووتیاران چۆن هەڵسوکەوت دەکەن کاتێک ڕووبەڕووی ڕێگاکانی پاراستن دەبنەوە، بەڵام بۆیان دەرکەوت کە مەرج نییە ئەم جۆرە پاڵپشتییە داراییانە جێی متمانە بن.

 

توێژینەوەکە دەریخست کە لە کاتێکدا پارەدان دەتوانێت یارمەتی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ بدات، بەڵام زۆرجار شکست دەهێنێت لە بەکارهێنانی توانای باشترکردنی هاوبەشی بەرهەمهێنانی بەرهەم و دەرئەنجامە ژینگەییەکان، بەڵکو توێژینەوەکە دەریخستووە، هەردوو دەرئەنجامی بەرهەمهێنان و پاراستنی ژینگە لە گروپەکاندا باشتر بوون کە خوێندەوارتر بوون و بەشداری ژنان تیایدا زیاتربووە.

 

چەندین دۆزینەوەی توێژینەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەشداریکردنی ژنان لە گروپە کشتوکاڵییەکان کە ئامانجی کشتوکاڵی بەردەوامیان هەیە هۆکارێکی مرۆیی بەرچاوە کە دەتوانێت جیاوازی دروست بکات لە سەرانسەری جیهاندا.

 

بەپێی داتاکانی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت -IUCN، لە نێو ئەو وڵاتانەی کە وەزارەتەکانیان بە تایبەتی سەرنجیان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا داوە، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنیا ١٥٪ لەلایەن ژنانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، بۆ وەزارەتەکانی تایبەت بە دارستانەکان، تەنها ٪١٨ لەلایەن ژنانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و تەنها ٪١١ی وەزارەتەکانی پەیوەست بە ئاو لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

بۆ نموونە ژنانی نەیجیریا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرهەمهێنانی خۆراک و کشتوکاڵدا و ئەوان زۆربەی کارە کشتوکاڵییەکان و کارە پەیوەندیدارەکان پێکدەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆڵی سەرکردایەتیدا دواکەوتوون، بوسۆلا ئەجیبۆلا، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژنامەگەری وتی هەرچەندە ژنان نزیکەی ٪٤٩.٣٢ی دانیشتوانی نەیجیریا پێکدەهێنن،  بەڵام ڕێژەی ژنان کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەدا لە مانگی شوباتدا خۆیان بۆ پۆستەکانیان کاندید کردووە ٪٨.٩ بووە، تەنانەت لە ڕێژەی ٪١٢.٩ کەمترە لە ساڵی ٢٠١٩ لە سەنتەری داهێنان و پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری.

 

هەر لە ساڵی ١٩٩٧ەوە، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ-FAO لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک ئاماژەی بەوە کردووە کە ژنان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا کلیلی داهاتووی سیستەمی کشتوکاڵی زەوی و ئاسایشی خۆراک و بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی ڕۆڵەکانیانەوە بەدەستەوەیە لە هەڵبژاردنی تۆو، بەڕێوەبردنی ئاژەڵە بچووکەکان و پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامی جۆراوجۆری ڕووەک و ئاژەڵان.

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ وتی ڕۆڵی سەرەکی ژنانی گوندنشین وەک دابینکەری خۆراک و بەرهەمهێنەرانی خۆراک ڕاستەوخۆ دەیانبەستێتەوە بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە بۆماوەییەکان بۆ خۆراک و کشتوکاڵ و زانیاری و ڕۆڵی بڕیاردانی ناوازەی پێبەخشیون کە پەیوەندی بە جۆرە ناوخۆییەکان و ئیکۆسیستەمەکانەوە هەیە، کە لە ماوەی چەندین سەدە لە پراکتیکدا بەدەستیان هێناوە .

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە کە لە زۆر بواردا زۆرینەی جووتیاران ژنن و کاردەکەن بۆ پاراستنی جۆراوجۆرییەکی بەرفراوانی بەرهەم، ڕووەکی کێوی، جۆرەکانی ئاژەڵ و جۆرەکان کە لەگەڵ ژینگە ناوخۆییەکان دەگونجێن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە لەکارکەوتنی بەرهەم و نەخۆشی ئاژەڵان، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراکی بەردەوام و جۆراوجۆر.