ژنانی ئامەد بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ هەڵبژاردن ئامادەکاری دەکەن

١٤ی ئایار لە تورکیا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ژنانی ئامەد بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئامادەکاری دەکەن و ڕایانگەیاند، "ئێمە بەهێز و بە ئیرادە و بڕیارین" و داوای یەکڕیزی نێوان گەلی کورد دەکەن .

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، کە بڕیارە ١٤ی ئایار لە تورکیا بەڕێوەبچێت، چالاکییەکانی یەکێتی کرێکاران و ئازادی بەبێ پچڕان بەردەوامن، لە ئامەد خەباتی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و ژنان لە شەقامەکاندا لەگەڵ خەڵک کۆدەبنەوە.

 

ژنانی ئامەد ئاماژەیان بەوەدا، پێکەوە چالاکییەکانی ٨ی ئادار و نەورۆز و هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن و ڕایانگەیاند کە بە دروشمی "ژیان، ژیان، ئازادی" دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەو ژنانەی باسمان لە هەڵبژاردن کرد، دەیانگوت تا مانگی ئایار لە مەیداندا دەبن.

 

"خەڵک بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هەڵبژاردن دەکات"

سەڤاڵ بیلگین، بەڕێوەبەری ناحیەی کایاپینار لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وتی: دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و ئێستاش گوند بە گوند دەڕۆین و ڕێکخستن دەکەین، تێبینیمان کرد کە خەڵک بیرمان دەکەن، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ خەڵک هەیە. بە تامەزرۆیی و هیوایەکی زۆرەوە دەستمان بە کارەکانمان کرد، بەم شێوەیە درێژە بە کارەکانمان دەدەین و شەو و ڕۆژ بە ڕەنجێکی زۆر لەگەڵ ژنان و کۆمیسیۆنی ناوچەکان خەبات دەکەین، زۆر ئومێدیشمان بە هەڵبژاردنی داهاتوو هەیە.

 

سەڤاڵ بیلگین ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ژنان پێکەوە کۆدەبینەوە، "ئێمە وەک هەدەپە لە ئێستاوە بە هەوڵێکی زۆرەوە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەین، دروشمی ئەم سەدەیە 'ژن، ژیان، ئازادییە'، بەم دروشمە ئێستا ژنان دەیانەوێت ئازاد بن. ژنان ئاگاداری پرۆژەی ئێستان کە چەندە گرنگە، سنووردارکردنێکی قورس بۆ ژنان دانراوە، بۆیە ژنان زیاتر خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادە دەکەن، بێگومان سەردەکەوین، ئەمساڵ ساڵی ئێمەیە و ساڵی ژنانە".

 

"ئێمە شەقام بە شەقام خەبات دەکەین"

مەلیحە جۆمەرت، وتەبێژی پارتی سەوزی چەپی قەزای سور، وتی: کارەکانمان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، دەستی یەکدەگرین و سەردەکەوین، ئێستا شەقام بە شەقام خەبات دەکەین، دەبینین کە خەڵک چاوەڕێمان دەکەن، لە کۆبوونەوەکانماندا ئەنجامێکی زۆر باش بەدەستدەهێنین و لەگەڵ ئەندامەکانمان سەردەکەوین، ئێمە لە گوندەکانەوە دەستمان بە چالاکییەکانی هەڵبژاردن کرد و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەین.

 

'"ێویستە گەلی کورد یەکڕیزیی خۆی پتەوتر بکات"

فاتمە تاشلی، ئەندامی تۆڕی زمان و ڕۆشنبیری کوردی وتی: پێویستە هەموو کەسێک خۆی بناسێت و دان بەخۆیدا بنێت، دەبێت ماڵ بە ماڵ و شەقام بە شەقام و خۆمان بناسێنین و چالاکییەکانمان ئەنجام بدەین، ئەگەر پەیوەندیی ناو ماڵ لاواز بوو ئەو ماڵە پتەو نابێت، بەم واتایە پێویستە هاوپەیمانی کوردی بەهێز و بەهێزتر بێت، بە هەموو شێوەیەک سەردەکەوین، هەموو ژنێکی کورد و هەموو دایکێک سەرەتا خێزانەکەی ڕێکبخات، پاشان گەڕەک و شەقامەکانی بۆ هەڵبژاردن، لەم پرۆسەیەدا کارێکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی ژنان، ئێمە بە ڕێکخستن سەردەکەوین و بەردەوام دەبین لە سەرکەوتنەکانمان.
 

 

"دەبێت تاڵانی حکومەت کۆتایی پێبێت"

ئایشە سێرا بوجاک، هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوزی ئامەد وتی: بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە بۆ گەلی کورد و گەلی تورکیا، کە داوای دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی دەکات، ئێمە دەمانەوێت بەم هەڵبژاردنە بلۆکی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بشکێنین، دەمانەوێت لەم وڵاتە ڕەوانەی دەرەوەیان بکەین و پێمان وایە ئەو تاڵانکردن و ئاسمیلەکردن و ئینکارییەی کە حکومەتەکەیان دروستیکردووە، پێویستە ئێستا کۆتایی پێبێت.