بۆ هاوبەشیکردنی ئەزموونەکان، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی ژنان ئەنجامدرا

سەنتەری مسارات وۆرکشۆپێکی بە ئامانجی ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، ئەنجامدا.

نەغم کەراجە

 

غەزە- دوێنێ، ٨ی حوزەیران، سەنتەری مسارات بە هاوکاری دەزگای مارتی ئیهتیساری بۆ ئاشتی و بە هاوبەشی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەڵەستین وۆرکشۆپێکیان بە ناونیشانی "ئەزموونەکانی یەمەن لەسەر بنیاتنانی هاوپەیمانی ژنان" ڕێکخست.

 

بەلقيس ئەبو ئەصبع، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان، باسی لە کاریگەریی شەڕی یەمەن کرد لەسەر ژنان و وتی: "بەشێوەیەکی گشتی شەڕ کاریگەری کردووەتە سەر کۆمەڵگای یەمەن بە تایبەت ژنان، سەرەڕای ئەو کار و هەوڵانەی ژنان دەیدەن، بەڵام لە بەرامبەردا مافەکانیان پێنادرێت".

 

باسی لەوەشکرد ژنانی یەمەن مێژوویەکی دێرینیان هەیە لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانیان، هەرچەندە کۆمەڵگای یەمەن یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی ڕێگە بە ژن نادات لە چوارچێوەی دابونەریت دەربچێت.

 

نادیە ئەبو نەحلە، بەڕێوەبەری تیمی کاروباری ژنان ئاماژەی بەوەدا، ژنان هەموویان لە ئەزموونەکانیاندا لەیەکچوون، ئەزموونی ژنانی یەمەنیش زیاتر لە ئەزموونی ژنانی فەڵەستین دەچێت، جەختیشی لەسەرئەوە کردەوە کە بنیادنانی قەوارەی سیاسی فێمێنیستی پێویستە و گرنگە هەموو چالاکوانانی فێمێنیستی تیادا بەشداربن.

 

پزیشک مریەم ئەبو دقە وتی: "بەپێی لێکۆڵینەوەکانی من و تێگەیشتن لە بابەتەکان یەکڕیزی فێمێنیستەکان بە سەرۆکایەتی یەکێتی ژنانی یەمەن گرنگە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بهێننە ئەو باوەڕیەی ژنان دەتوانن گۆڕانکاری گەورە بکەن لە کۆمەڵگادا"

 

سەبارەت بە هاوڕابوونی بۆچوونە جیاوازەکانی ژنان مریەم ئەبو دقە ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای بوونی ڕێژەیەکی زۆری ژنان بە باوەڕی جیاوازەوە لە مەیدانەکەدا، بەڵام یەکڕیزی نەبوونیان گۆڕانکاری کاریگەری دروستنەکردووە، "پێویستە ژنان یەکڕیزبن، چونکە یەکڕیزی ژنان هەوڵەکانی ژنان کاریگەر و بەهێز دەکات".