نەعم بەدەل: ئێمە هەرگیز سنوورەکان پەسەند ناکەین
نەعم بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ ئاماژەی بەوەدا کە وەکو تاژێ هیچ دیوار بەندێک لە شەنگال پەسەند ناکەن و داواکارن هەمووان کاردانەوەکانیان دژی ئەو پیلانە بخەنەڕوو.
شەنگال
ڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەم کە لەلایەن حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە واژۆ کراوە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی شەنگالە، دانیشتوانی شەنگال بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی "ئێمە هەموو ئاسایشین" چالاکییان ئەنجامدا و چەندین مانگ بە بەر سەرماوە چادری ئێشگرییان دانا بە ناوی "پاراستنی خاک و کەرامەتی خۆمان" و ڕێگرییان لە پیلانەکانی سەر شەنگال کرد.
ماوەیەک بەر لە ئێستا هەوڵێکی دیکە بۆ دابڕینی گوندەکانی کورد و عەرەب لە شەنگال دەستیپێکرد، بەهۆی کاردانەوەی شەنگالییەکانەوە ئەو هەوڵەش سەرکەوتوو نەبوو، ئێستاش سوپای عێراق دەستیکردووە بە دروستکردنی سنوورێکی کۆنکرێتی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیانی شەنگالیش دژی ئەو جموجوڵانە لە چالاکیدان.
نەعم بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، دەربارەی جموجوڵەکانی حکومەتی عێراق لەسەر شەنگال وتی: سنووری نێوان ئێمە و ڕۆژئاوای کوردستان ئاستەنگییە بۆ خەڵکی شەنگال، لە ڕووی تەندروستی و پێداویستی ژیان و لە هەمووی گرنگتر لە ڕووی ئەمنییەوە ئەم سنوورە مەترسییە بۆ ئێمە، هەموو کەسێک دەبێت فەرمانی شەنگالی بەبیر بێت کە هێزەکانی عێراق و پەدەکە هەڵهاتن و بەهۆی ڕۆژئاواوا ئێمە ڕزگارمان بوو، داعش لە عێراقەوە هێرشیان کردە سەرمان و ئەوە ڕۆژئاوای کوردستان بوو ئێمەی پاراست.
"گەر عێراق دەیەوێت سنور بپاریزێت، با سنورەکانی خۆی لە مەدیبان و رمانین بپارێزێت کە لەو ناوچەیە بە هەزاران داعش هەن، ئەوان باش دەزانن سنوری نێوان ئێمە و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەل مەترسی نییە، بەڵکو گرتنی سنورەکە مەترسییە بۆ رزگاربوونی گەل لە هێرشەکان".
"پلانەکان بۆ شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدییە"
لە درێژەی قسەکانیدا نەعم بەدەل وتی: "ئێمە باش دەزانین کە بۆ دەرچوونی داعش لە زیندان و کامپی هۆڵ، هەموو پلانێک جێبەجێ دەکەن، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال ڕووبەڕووی هێرش ببێتەوە پلانێکی بەرفراوانیان داڕشتووە، جیهانیش دەزانێت هێرشێکی بەو شێوەیە مەترسییە بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیش، ئەم پلانە هەموو لایەنەکانی تێدایە و هەمووان بەرژەوەندییان لەگەڵ هێرش بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگالە بۆیە بێدەنگ بوون، ئێمە وەک کۆمەڵگای ئێزدی دەزانین کە ئەم بەردەوامییەی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لەسەر بنەمای تێکدانی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدییە".
ت.پ