"دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ هێرشەكانیان بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕابگرن"

ڕێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێودەوڵەتی‌ ئاماژەی بەوەکرد، ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمى کوردستان، جگە لە بانگەشەیەكی گاڵتەجاڕانە هیچی دیکە نییەو دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ هێرشەكانیان بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕابگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

بیسان فەقیە بەرپرسی كامپینەكانی تایبەت بە عێراق لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بارەی دۆخی ئازادیی كاری ڕۆژنامەنووسى لە هەرێمی كوردستان و بانگەشە ناردووستەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی و عێراق کرد دەستبەجێ هەموو دەستدرێژییەك بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕابگرن.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، سەركوتكردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و تەنگهەڵچنین و تۆقاندن و دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە، بە تایبەت ئەوانەی لەسەر پرسی گەندەڵی دەنووسن و ڕەخنە لە چۆنیەتی مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ پرسە كۆمەڵایەتییەكان دەگرن.

 

ئەوەشیخستەڕوو، هێرشی دەسەڵاتداران بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری، كولتوورێكی ترس و تۆقاندنی درووستكردووە، ئەمەش بۆ خنكاندن و دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەكانە و بۆ ئەوەیە گەندەڵكاران بە بێ سزا دەربازیان ببێت.

 

لە سێ مانگدا ١٠ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون

بیسان فەقیە وتووشیەتی: بە بەپێی بەڵگەنامەكان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ١٠ ڕۆژنامەنووسیان لەسەر كارەكانیان دەستبەسەر كردووە یان بانگهێشتیان كردوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كردوون،، هەندێك ڕۆژنامەنووسی دیكە، دوای دادگایكردنێكی زۆر ناڕەوا و نادادپەروەرانە، لە ئێستادا سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

وتیشی: ڕێكخراوەكەمان لەگەڵ ٨ ڕۆژنامەنووس و كەسوكاری ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان و پارێزەرەكانیان قسەی كردووە، هەروەها سەیری كۆمەڵێك بەڵگەنامەی دادگاكانی كردووە، كە پەیوەندیان بە چوار دۆسییەى دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە و هەموویان باسیان لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان كردووە.

 

رێكخراوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چوار ساڵەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان ٨ ڕۆژنامەنووس بەهۆى مەترسی لەسەریان هەڵهاتوون، بەشی زۆری ئەو ڕۆژنامەنووسانە لەو دەزگایانەی كاریان دەكرد، كە وا سەیر دەكران ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و باسی گەندەڵییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

 

لە كۆتایی قسەكانیدا وتی: پێویستە حكومەتی هەرێم كۆمەڵێك هەنگاوی باوەڕپێكرا و ڕاستەقینە بنێن بۆ درووستكردنی ژینگەیەكی لەبار و گونجاو، تێیدا ڕۆژنامەنووسان بتوانن كارەكانیان بەسەلامەتی بەڕێوەببەن و ڕێگە بە هاوڵاتیان بدرێت، بۆچونی ڕەخنەگرانەی خۆیان بە ئازادانە دەرببڕن.