داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لە کاتێکدا ژمارەی کوژراوانی سوەیدا بۆ زیاتر لە هەزار کەس بەرز دەبێتەوە

هاوکات لەگەڵ داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەستیان لە توندوتیژییەکانی شاری سوەیدای سووریادا هەیە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی ئەو پێکدادانانە بۆ زیاتر لە هەزار کەسە.

ناوەندی هەواڵ- ڕووداوەکانی شاری سوەیدا ڕەنگدانەوەی ناسکی دۆخی ئاسایشی سووریا بوو و ئاشکرای کرد کە چۆن ململانێیەکی ناوخۆیی دەتوانێت پەرە بسێنێت و ببێتە قەیرانێکی ئاڵۆزی ناوچەیی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوەیدا بووەتە گۆڕەپانی پێکدادان و پێشێلکارییەکان کە ژیانی سەدان کەس لێی گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ٢٢ی تەمووز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە ژمارەی کوژراوانی ئەو توندوتیژیانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سوەیدا سەریان هەڵدا، بۆ هەزار و ٣١١ کەس بەرزبووەتەوە، کە ١٩٦ کەسیان لە مەیدانەکەدا لەسێدارە دراون، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی پەرەسەندنی سەربازی.

 

بەگوێرەی داتاکانی ڕوانگە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە سوەیدا گەیشتووەتە ٦٣٧ کەس، کە ١٠٤ کەسیان مەدەنین، شەشیان منداڵ و ١٦یان ژنن، لەنێو قوربانییەکان ٤٥٦ کارمەندی وەزارەتەکانی بەرگری و ئاسایشی گشتی هەن کە ٣٢ کەسیان ئەندامی هۆزەکانی بەدەوین و چەکداری هەڵگری ڕەگەزنامەی لوبنانین.

 

هەروەها لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا ١٥ کارمەندی ئەو دوو وەزارەتە کوژراون، هاوکات هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری، سێ کوژراوی لێکەوتەوە، لەنێویاندا ژنێک، جگە لە ڕۆژنامەنووسێکیش کە لەکاتی پێکدادانەکاندا کوژرا.

 

هەروەها ١٩٦ کەس لە لایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لە سێدارە دراون، کە ٢٨ ژن و ٨ منداڵ و پیاوێکی بەساڵاچوو بوون، سێ ئەندامی هۆزی بەدەوی کە منداڵێک و ژنێکیان تێدابوو، لەلایەن دروزەکانەوە لەسێدارە دراون.

 

ڕوانگە جەختی لە پێویستی بەدواداچوونێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو پێشێلکاری و تاوانانەی کە لە سوەیدا ئەنجام دەدرێن کرد، لێپرسینەوە لە بەرپرسان لە هەموو لایەک و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و چاکسازی بۆ قوربانییەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان کرد.