دانیشتووانی مەخموور دوای بیستنی دەنگی ڕێبەر ئاهەنگیان گێڕا
دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی مەخموور دوای بیستنی دەنگی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوای ٢٦ ساڵ، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئاهەنگیان گێڕا.

مەخموور
دوێنێ ٩ی تەمووز، دوای ٢٦ ساڵ گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوەق لە چوارچێوەی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بانگەوازێکی مێژوویی کرد، ئەم بانگەوازە مێژووییە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە سەرانسەری کوردستان و جیهان پێشوازی لێکرا.
هەروەها لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور"، بانگەوازی مێژوویی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا و ئاهەنگێک بەڕێوەچوو، دانیشتووانی مەخموور سەرەتا بە ئۆتۆمبێل گەشتیان بە کامپەکەدا کرد و دواتر بەرەو ناوەندی کولتووری و هونەر بۆ ئاهەنگەکە ڕۆیشتن.
ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد، دوتر تەماشای بانگەوازی مێژوویی ڕێبەری گەلی کورد کرا، لە کۆتاییدا هونەرمەند ئەدیبجان چووە سەر شانۆ و خەڵکەکە بە گۆرانییەکان هەڵپەڕین و ئاهەنگەکە کۆتایی هات.