داخستنی قوتابخانەکان و پچڕانی ئینتەرنێت مەترسی لەسەر داهاتووی ژنانی ئەفغانستان دروست دەکات

تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان لە ڕاگەیەندروێکدا، شەرمەزاری کارابوونەوەی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیکی لە چەند پارێزگایەکی ئەفغانستان کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە سنووردارکردنی بەربڵاو لە دژی ژنان و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان لە کاردانەوە بە بەردەوامی سیاسەتە پاشەکشەییەکانی تاڵیبان و بەردەوامی ڕەتکردنەوەی خوێندن بۆ ژنانی گەنجی سەرووی پۆلی شەشەم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی بەربڵاو لە دژی ژنان و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دوای چوار ساڵ لە دەسەڵاتی تاڵیبان بەردەوامە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، قەدەغەکردنی وانەوتنەوە لە پەرتوک لەلایەن نووسەرانی ژنەوە لە زانکۆکان شەرمەزار کراوە، وتی: داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان بەڕووی ژنانی گەنج و لابردنی پەرتوکی ئەکادیمی، بەتایبەتی ئەو پەرتوکەی کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون یان بە زمانی فارسی نووسراون، مەترسییەکی ڕاستی لەسەر داهاتووی نەوەی گەنجی ئەفغانستان دروست دەکات، ئەم سیاسەتانە بەشێوەیەکی سیستماتیک ژنان لە بوارەکانی زانست و کولتوور دووردەخەنەوە.

 

هەروەها تۆڕەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، نیگەرانی خۆی لە پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە چەند پارێزگایەک دەربڕی، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم ڕێکارە ژیانی ملیۆنان کەسی پەکخستووە و هەزاران خوێندکاری ژنی گەنجی لە خوێندنی ئۆنلاین بێبەش کردووە و چەندین خێزانی لە کەسوکاریان بڕیوە. تۆڕەکە جەختی لەسەر پێویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووەتەوە کە بە فەرمی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بەڵگە بکات و ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی جێگرەوە لە بواری پەروەردە و ڕاگەیاندندا، هەروەها جەختی لە گرنگی پشتیوانی کرداری بۆ ناڕەزایەتیە مەدەنییەکان کردەوە، بەتایبەت ئەو ناڕەزایانەی کە ژنان سەرۆکایەتییان دەکات.

 

هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ساڵیادی دەسەڵاتی تاڵیبان، بزووتنەوەکە سنووردارکردنی هاوڵاتیان و بەتایبەتی ژنانی چڕتر کردەوە، بە فەرمانی سەرۆکی تاڵیبان، ئینتەرنێتی بێ وایەر و فایبەر ئۆپتیک لە هەندێک پارێزگادا پچڕا، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لێکەوتەوە. هەرچەندە تاڵیبان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوونی تەکنیکی و ڕەسمی بۆ ئەم بڕیارە نەخستووەتەڕوو، بەڵام زۆرێک لە چاودێران و هاوڵاتیان بە بەشێک لە سیاسەتێکی بەرفراوانتری کۆنترۆڵ و سەرکوت دەزانن کە بزووتنەوەکە چوار ساڵە پەیڕەوی لێدەکات.

 

کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو بڕیارەیان شەرمەزار کردووە و تاڵیبانیان بە "دوژمنی هۆشیاری و پێشکەوتن" پێناسە کردووە، ئەم ڕێوشوێنەیان بە "بەشێک لە سیاسەتی سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی ڕەها" زانیوە کە بزووتنەوەکە بەسەر کۆمەڵگەدا جێبەجێی دەکات. ئەم ڕێکخراوانە هۆشدارییان دا، کە تاڵیبان بە داخستنی دەرگای پەیوەندییەکان، هەوڵدەدات هاوڵاتیان لە "تاریکی و نەزانی"دا بهێڵێتەوە، بە ئامانجی بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی و بەرخۆدان.