دادگاییکردنی ٥ دەستگیرکراو دواخرا و ئازادیخوازانیش دەڵێن پێشێلی مافەکانیان دەکرێت

دادگاییکردنی ٥ دەستگیرکراوی بادینان بۆ ٦ی مانگی داهاتوو دواخرا و ڕیکخراوی ١٧ی شوباتیش ئاماژەی بەوەداوە لە دادگادا ئاسایشی پارتی پەلاماری دوو لە کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینانی داوە.

دادگاییکردنی ٥ دەستگیرکراوی بادینان بۆ ٦ی مانگی داهاتوو دواخرا و ڕیکخراوی ١٧ی شوباتیش ئاماژەی بەوەداوە لە دادگادا ئاسایشی پارتی پەلاماری دوو لە کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینانی داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای پێنج لە دەستگیرکراوانی بادینان دواخرا بۆ ٦ی مانگی داهاتوو، هەر لەناو دادگا دژ بەم بڕیاری دواخستنە وێڕای بوونی هێزێکی زۆری ئاسایشی پەدەکە، بەڵام کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان بە درووشمی ئازادی و سەرشۆڕی بۆ کۆیلەکان دادوەرانی لێکۆڵەریان ڕیسواکرد.

 

ڕیکخراوەکە ئاماژەی بەوەشدا دوای وتنەوەی دروشمەکان لەلایەن ژمارەیەک چەکدار و ئاسایشی پەدەکەوە پەلاماری دوو لە کەسوکاری زیندانیان درا و مۆبایلەکانیان شکێنرا.

هەر ئەمڕۆ شەش پەرلەمانتار بە ناوەکانی شیرین ئەمین، مژدە مەحمود، هەڵز ئەحمەد، شایان کاکە ساڵح، سیپان ئامێدی، عومەر گوڵپی ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ ڕایگشتی

بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا "دانیشتنی دووەمی پێنج چالاکوان و ئازادیخوازی سنوری پارێزگای دهۆک، لەسەر پێشنیاری نوێنەری داواکاری گشتی لە دادگاییەکە دواخرا بۆ ٦ی ١٠ی ٢٠٢١، ئەگەرچی داواکارییەکە و دواخستنی دادگاییەکە بەرگێکی یاسایی هەیە، بەڵام پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی دەستگیرکراوانە و زنجیرەیەکی تری ستەمە بەرانبەریان.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەم دواخستنە دۆخی خراپی دەروونی و جەستەیی دەستگیرکراوان پێ دەنێتە ساڵێکی تەواو و هێشتا چارەنووسیان نادیارە لە کاتێکدا ئێمە و هەموو ئازادیخوازی هەرێم چاوەڕێی کۆتایهێنانی ئەم ستەمەین، داواش دەکەین سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای ناوبراو بگۆڕێت و نوێنەرێکی تر دەستنیشان بکات کە بتوانێت بە ئەرکە یاساییەکانی هەستێت.

 

ئەو پەرلەمانتارانە باسیان لەوەشکرد کە داوایان کردووە کە دەستگیرکراوان ببینن بەلام بە پاساوی نەبوونی تەنسیق ڕێگەیان نەدا کە یەک ساڵی تەواویشە ڕێگە بە کەسوکاریان نادرێت بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم بیان بینن.

 

ت.پ