دادگای هەولێر ئەندامانی دەستگیرکراوی ڕژاکیان خستووەتە ناو لیستی دادگاییکردنەوە
ئاسایشی هەولێر ڕێگەنادات خێزانی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی ڕژاک سەردانی زیندان بکەن و داواکاریی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزەرێک بۆ دۆسیەی ئەو سێ ژنە چالاکوانەش ڕەتکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ماوەی ١٩ ڕۆژەی سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراون لەکاتی گەڕانەوەیان لە ساڵیادی فەرمانی شەنگال، هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە نییە و داواکاری خێزانەکانیان بۆ بینینیان ڕەتدەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی لە بەڕێوەبەرانی ڕژاکەوە وەرگیراوە، ئەو سێ چالاکوانە براونەتە زیندانی ئەحداسی هەولێر کە تایبەتە بە ڕاگرتنی کەسانی خوار ١٨ ساڵ و منداڵان، داواکاری خێزانەکانیشیان لەلایەن ئاسایش و دادگاشەوە ڕەتکراوەتەوە، هەروەها ڕێگە نەدراوە کە پارە و هەندێک پێداویستی بۆ ئەو ئەندامانەی ڕژاک بەجێ بهێڵدرێت.
دادگاش بە خێزانی دەستگیرکراوەکانی وتووە کە ناوی ئەو سێ چالاکوانە خراوەتە ناو لیستی ئەو کەسانەی پێویستە دادگایی بکرێن، بەڵام کاتەکەی نادیارە، ئەمە لەکاتێكدایە کە هەوڵدراوە پارێزەر بۆ ئەو چالاکوانانە دابنرێت بەڵام پەسەند نەکراوە.
سێ چالاکوانەکەی ڕژاک بە ناوەکانی خەولە محەمەد حەسەن، جوانا عەبدولباقی و سەیران ئەحمەد حەسەن، دوانیان دایکن و ماوەی ١٩ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نازانرێت، لە ماوەی ڕابردووشدا بەپێی چەند زانیارییەک ئاماژە بەوەکرابوو کە دۆخی تەندروستی یەکێک لە چالاکوانەکان لە زینداندا تێکچووە.
ت.پ