دابان وەهاب: زۆر گرنگە بۆ ژنان بێنە ناو دنیای ئەدەبیاتی كوردی و بنووسن

دابان وەهاب نووسەری پەرتوکی "گەلاوێژی شاعیران" داوا لە ژنان دەکات لەهەموو بوارەکاندا بێنەپیش و دەڵێت: زۆر گرنگە بۆ ژنان بێنە ناو دنیای ئەدەبیاتی كوردی و بنووسن.

شیا کۆیی

 

کۆیە-"كاروانی شیعرو شاعیران لەم شارە ناپسێتەوە نەوە دوای نەوە گڕی شیعر هەڵدەستێتەوە" دروشمی پەرتوکێکی نوێیە بەناوی "گەلاویژی شاعیران" كە لەلایەن دابان وهاب سوارە نوسراوە، ناوەرۆكی پەرتوکەکە كۆكردنەوەو كورتە ناسینێكی بەشێك لە شاعیرانی كۆیەیە، پەرتوکەکە لە ئێوارەی ٧ی تەمووز مەراسیمی ناساندنی و کردنە دیاری لە کتێبخانەی گشتی کۆیە بۆ ڕێکخرا.

 

لە لایەن دەریا جەمال حەوێزی ناساندن پەرتوکەکە کراو وتی: نوسەرمان لە ڕەگەزی ژن کەمە ئەوەی گرنگە ئەم هاتنە مەیدانەی "دابان" هەوڵێکە بە ئاراستەی هاتنە مەیدانی ژنان لە بواری نوسین و وێژە و هونەر، بۆیە هەر لەم كۆری ناساندنە ئامادەبووان بە چەپكە گوڵەكانیان هاندان و پشتیوانی خۆیان دەربری و هیوای بەردەوام بوونیان بۆ خواست، چونکە بەردەوام بوونی ڕێگە خۆشکردنە بۆ دەرخستنی توانا شاراوەکانی دیكە، هەروەکو چۆن هەوڵەکانی پێشتر هاندەری هاتنە پێشەوەی دابان و ئەوانەی تریش بوون.

 

 دابان وهاب سەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو سەبارەت بە پەرتوکەکە وتی: ئەوە یەكەم بەرهەم و پەرتوکی منە كەباسی ٨٣ شاعیری شاری كۆیە دەكات، هەندێك لەو شاعیرانە لە ژیاندا ماون وهەندێكیان كۆچی دواییان كردووە، بیرۆكەكەم لەوەوە سەرچاوەی گرت كە ویستم لەگەڵ خوێندکارەکانم خزمەتێكی زمان و وێژەی كوردی بكەین و خوێنەران ئاشنابكەم بەو شاعیرانە، ئەو نەوەیەی ئیمە پەروەردەیان دەكەین ئاشنا بن بەو شاعیرانەی خۆمان،  هیوادارم بەم بەرهەمەم توانیبێتم مەلۆیەكم خستبێتە سەر خەرمانی ئەدەبیاتی كوردی وخزمەتێكم كردبێت، زۆر گرنگە بۆ ژنان بێنە ناو دنیای ئەدەبیاتی كوردی و بنوسن، داوا لە هەمو ژنان دەكەم گەر بەهرەیەكی تێدابێت بێنە پیش لەبواری نووسین بێت یان هەرلایەكی دیكە، ئەوە كۆتا بەرهەمان نابێت خزمەتی زیاتری ئەدەبیاتی كوردی دەكەین، لێرەوە دەستمان پێكردو راناوەستین.

 

لاڤە كۆسرەت، كە ئامادەی مەراسیمەكە بوو دوای دەستخۆشی كردن لە مامۆستاكەی بۆ ئەو بەرهەمەی وتی: من خوێندکاری مامۆستا دابان بووم وجێی شانازییە كە ئەو پەرتووکەی نووسیوە، چونكە پەرتوک زۆر گرنگە بۆ هەموو كەسێك بەتایبەت كە دەبینم ئەوها ژنان لەسەركەوتندان و نوسەری هەستی خۆیانن، گرنگە ەوتەمەنە پەرتوک بخۆێنینەوە لە روی هزری و فكری جەستەیش زۆر سودی لێدەبینین بۆیە گرینگە هەمومان بخوێنینەوە، چونكە خوێندنەوە دەمانگەیەنێت بەسەركەوتن و ژیانمان ڕوناك دەكاتەوە بۆیە هیوادارم ژنان لە لوتكەدابن و بەردەوام بن لە نووسین.