بۆ جاری سێیەم ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ داوای ئازادکردنی مەنیژە سدیقی دەکات

ڕێکخراوی فێمینیستی "FEMENA" جارێکی دیکە داوای ئازادکردنی مەنیژە سدیقی، چالاکوان لە زیندانی تاڵیبان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەردەوامی دەستگیرکردنی چالاکوان مەنیژە سدیقی لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان، ڕێکخراوی پشتیوانی بزووتنەوەی فێمێنیستی "FEMENA" ئەمڕۆ ٢٦ی ئادار لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای ئازادکردنی و بەرپرسیارێتی مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکات.

 

ڕێکخراوی FEMENA"" لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ڕفاندنی مەنیژە سدیقی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، تاڵیبان سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو چالاکوانەو ژنە خۆپیشاندەکاندا سەپاندووە، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تاڵیبان بەرپرسیار بکات لە هێرشەکانی بۆ سەر ژنانی خۆپیشاندەر.

 

ماوەیەک لەمەوبەر ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند مەنیژە سدیقی لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێت و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ هەنگاو بنێت و سەلامەتی خۆی بپارێزێت، داوای لە تاڵیبان کرد توندوتیژی و هەراسانکردنی چالاکوانانی مافەکانی ژنان بوەستێنێت.

 

جگە لەو ڕێکخراوەی کە بەرگری لە مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ دەکات، چەندین ڕێکخراوی دیکە داوای ئازادکردنی مەنیژە سدیقی، چالاکوانی مافەکانی ژنان دەکەن.

 

زیاتر لە چوار مانگ لەمەوبەر بە بیانووی سووتاندنی وێنەی سەرکردەی تاڵیبان، مەنیژە سدیقی بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا و هەراسانکرا، تەنانەت ژمارەیەک چالاکوانی مافەکانی ژنانیش گلەیییان لەوە دەکرد کە لە زیندانی تاڵیبان ئەشکەنجە دراون و هەراسان دەکرێن و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.