"ئامانجی پشت دەستگیرکردنەکان بەدی نایەت"

بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە باکووری کوردستان دەوڵەتی تورکیا دەستی کردووە بە دەستگیرکردنی توێژە جیاوازەکان و پارێزەرێکیش دەڵێت: ئامانجی پشت دەستگیرکردنەکان بەدی نایەت.

مەدینە مامەد ئۆغڵو

 

ئامەد- لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بۆ خولی ٢٨ کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت، حکومەت بەردەوامە لە فشارەکانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن، بەو پێیەی زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ئامەد و ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دەستگیرکراون کە کاندیدەکانی پەرلەمان، سیاسەتمەداران پارێزەران، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسانی تێدایە.

 

پارێزەر کفریی ئەتلی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای پارێزەران لە ئامەد ڕوونیکردەوە، دەستگیرکردنی پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان نیگەرانییەکانی لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان زیاتر کردووە، سەرەڕای هەموو سەختی و ئاستەنگییەکان، ئەوان هەر ئامادە دەبن بۆ پاراستنی سندوقەکانی دەنگدان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا.

 

"ئەوان هەوڵدەدەن بەر لە هەڵبژاردن گرژی دروست بکەن"

کفریی ئەتلی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسە سیاسییەکان بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنەوە، لە ڕێگەی ئەوانەوە هەوڵدەدرێت دەنگی ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بکرێت، حکومەت بەدوای بێدەنگکردنی خەڵکدایە بە دروستکردنی گرژی پێش هەڵبژاردن، ئێمە ڕاهاتووین بە پراکتیزەکردنی ئەو جۆرە جوڵانە و بە هیچ شێوەیەک بێدەنگ نابین و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

 

"خەباتی ئێمە ناوەستێت"

کفریی ئەتلی ڕوونی کردەوە، دەستگیرکردنەکان بە پشتبەستن بە سکاڵای یەک کەس ڕێکخرابوون و ئەنجامدراون، پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئەنجامدانی چالاکییە پیشەییەکانیان دادگایی کراون، بەو پێیەی دەیان پارێزەر دەستبەجێ بە تۆمەتی بێمانا دەستگیرکراون، ئەگەر ئەم دۆخە ئاماژە بە شتێک بکات، ئەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە یاساکە لە وڵاتدا بەسەرچووە، ڕێگری لە پارێزەران دەکرێت کە کارەکانیان ئەنجام بدەن، پارێزەران، سەندیکاکانی پارێزەران بەردەوام دەبن لە خەباتکردن بۆ ڕاستییەکان و بێدەنگ نابن تا هەڵبژاردنەکان بە دادپەروەریەوە ئەنجام نەدرێت.

 

وتیشی: لە ڕۆژی هەڵبژاردندا وەک پارێزەر لە گۆڕەپانەکاندا ئامادە دەبین، حکومەت بە ئامانجی خوازراوی ئەو گرتن و دەستبەسەرکردنانە ناگات، هەرگیز ڕێگە بە هیچ کارێک نادەین لە دەرەوەی یاسا تا هەڵبژاردنەکان بە سەلامەتی کۆتاییان پێدێت، لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، پارێزەرانی سەندیکاکەمان لە هەموو قوتابخانەیەک و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبن، لەو ڕۆژەدا تێبینی لەسەر هەموو پێشێلکارییەک یان پێشێلکردنی مافەکان دەکەین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەو جۆرە پێشێلکاریانە ڕوونەدەن.