چوار ڕۆژە تەرمی ژنێکی کوژراو لە پزیشکی دادی سلێمانییە

ماوەی چوار ڕۆژە تەرمی ژنێکی کوژراو لە پزیشکی دادی سلێمانی ماوەتەوە و تا ئێستا هیچ کەسێک خۆی نەکردووە بە خاوەنی ئەو تەرمە، پۆلیسیش ئاماژە بەوەدەکات کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- سەرلەبەیانی ١٣ی کانوونی یەکەم تەرمی ژنێك لە نزیک گۆڕستانی نوێی بەكرەجۆ و گەڕەکی هەواری زانکۆی بەکرەجۆ لە سلێمانی دۆزرایەوە کە ئاسەواری گولـلە بە جەستەیەوە هەبوو، هەر ئەو ڕۆژە تەرمەکە لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی سلێمانی ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی كرا، بەڵام تا ئەمڕۆ کە ١٦ی کانوونی یەکەمە ئەو تەرمە بە بێ کەسی لەوێ ماوەتەوە.

 

دەربارەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "تا ئێستا هیچ شتێک ڕوون نییە و کەسیش لەو تەرمەی نەپرسیووە، بەدوادواچوونەکانی پۆلیسی بەڵگەو تاوان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تاوانبار و هەروەها ئەو کەسەی تەرمەکەی گەیاندووە".

 

هەرچەندە بڕیاردراوە بۆ لەمەودوا هیچ تەرمێک بە بێ ناونیشان لە گۆڕستانی بێناسنامەکان نەنێژرێت، بەڵام هەر تەرمێکیش لە پزیشکی داد تەنها ماوەی دوو مانگ ڕێگە دەدرێت لەوێ بمێنێتەوە.