چوار کەس لەناو بەلەمێکی کۆچبەراندا لە کەناراوەکانی تونس خنکان

سەرباری سەرما و سەختی وەرزی زستان، بەشێک لە کۆچبەران هەوڵدەدەن بگەنە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا، گیان لەدەستدانیش لەو ڕێگایە بەردەوامە، لە ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ ئەوەی وەرزی زستان ڕەوشی کۆچبەرانی سەخت کردووە و بەهۆی کەشوهەواوە کۆچکردن سەخت بووە، بەڵام بەشێک لە خەڵکی سەرباری سەختی وەرزەکە کۆچدەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا.

 

ڕۆژی ٢١ کانوونی دووەم زیاتر لە چوار کەس لە کەناراوەکانی تونس خنکاون، کاتێک هەوڵیان داوە لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ئەوروپا بپەڕنەوە، وتەبێژێکی سوپای تونس ئاماژەی بەوەداوە کە لەو بەلەمەدا ٢١ کەس ڕزگارکراون.

 

تونس خاڵێکی سەرەکی گواستنەوەیە بۆ ئەو کۆچبەرانەی هەوڵ دەدەن بگەنە ئەوروپا، هەروەها ساڵانە تەرمی بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە لە کەناراوەکانی تونس دەدۆزرێتەوە.

 

بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون لەوکاتەی کە هەوڵیان داوە لە دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا.

 

ت.پ