چەندین خێزانی کورد لە ناوڕاستی دەریای ئیجە بێسەروشوێن بوون
لەو یەختەی کە لە دەریای ئیجە ژێرئاو کەوتووە تەنها ١٣کەس ڕزگارکراون و بەپێێ زانیارییەکانیش ژمارەیەک خێزانی کورد بێسەروشوێنن.

لەو یەختەی کە لە دەریای ئیجە ژێرئاو کەوتووە تەنها ١٣کەس ڕزگارکراون و بەپێێ زانیارییەکانیش ژمارەیەک خێزانی کورد بێسەروشوێنن.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی کانونی یەکەم یەختێک کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ٥٠ کۆچبەری تێدابووە و لە تورکیاوە بەرەوە ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە، لە قوڵایی و ناوڕاستی دەریای ئیجە لە دورگەی فۆلێگاندرۆس ژێرئاو کەوتووە، بەپێی زانیارییەکان پێش ئەوەی بە تەواوی یەختەکە نقوم ببێت کۆچبەرەکان پەیوەندیان بە ژمارە ١٢٢ی هێزی دەریاوانی یۆنان کردووە بەڵام درەنگ بە هانایانەوە چوون و نەتوانراوە هاوکارییان بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو نوێنەر و ڕۆژنامەنوسە کوردانەی لە یۆنان بەدواداچوون دەکەن، ئەو ١٣ کەسەی ڕزگاریان بووە براونەتە لە نەخۆشخانەی دوورگەی سانتۆرینی یۆنان، ١٢کەسیان ڕاستەوخۆ دوای ڕوداوەکە لە لایەن هێزی دەریاوانی یۆنانەوە لەناو چوپێکدا دۆزراونەتەوە کە ٧ کەسیان کوردن پێنج پیاو و یەک ژن و منداڵێکن، هەروەها سێ کەسی سوریی و ٢ میسریی بوون، شەوێک دوای ڕوداوەکەش کەسێکی دیکەش ڕزگارکراوە، هەروەها تەرمی سێ کەسیش دۆزراوەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی تەرمەکان نەخراوەتەڕوو.
ئەو ١٢ کەسەی ڕزگاریان بووە وتویانە کە لەناو یەختەکەدا زیاتر لە ٥٠ کەس هەبووە کە زۆرینەیان کوردن و لە دەڤەری ڕاپەرینەوە ڕۆیشتوون ژێرئاو کەوتوون.
نۆ هاوڵاتی شارۆچکەی کۆیە بێسەروشوێنن
دوو خێزانی خەڵکی کۆیە کە ژمارەیان بە هەردووکیان نۆ کەسن نادیارن و کەسوکاریان ئاماژە بەوەدەکەن لە ڕۆژی دووشەممەوە دەنگیان نەماوەو لە کۆتا پەیوەندییان وتویانە "ئەگەر دەنگمان نەبوو ئەوە بەڕێ دەکەوین" لەوکاتەوە تائێستا هیچ دەنگێکیان نیەو کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستانەوە بەردەوام لەپەیوەندیدان تا هەواڵێکیان بزانن.
یەکێک لە خێزانەکان ناویان "هەژار محەمەد مستەفا، ژاکاو حەمەد ئەمین، هەناسە هەژار، هەنەس هەژار".
خێزانی دیکەیان ناویان "ڕێبوار عەبدوڵا، شۆخان جەوهەر، ڕێوار ڕێبوار، ڕێژوار ڕێبوار، محەمەد ڕێبوار"ە.
دوو منداڵی شارەدێی حاجیاوا گیانیان لەدەستداوە
دوو منداڵی دانیشتووی شارەدێی حاجیاوا کە لەگەڵ دایک و باوکیان لە یەختەکەدا بوون گیانیان لەدەستداوە، دایک و باوکی منداڵەکە کە ڕزگاریان بووە ئاماژەیان بەوەکردووە کە منداڵەکان کچ و کوڕێک بوون، سێڤدە تەمەنی ٧ سال بووە و باران تەمەنی سێ ساڵ بووە.
دەزگای لوتکە داوا دەکات بەڵگەی پێویستیان بۆ بنێردرێت
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "چەندین خێزان پەیوەندییان کردووە و بەدوای کۆچبەرەکانی کەسوکاریاندا دەگەڕین کە چەند ڕۆژێکە دەنگیان نییە، بەلام ناشکرێت هەرچی دەنگی نەبوو لەو یەختەدا بووبێت، واتە بەدواداچوونی دەوێت".
داواشیکرد کە هەرکەسێک بەدوای کەسوکاریدا دەگەڕێت و گومانی هەیە لەوەی کەسوکارەکەی لەو یەختەدا بوون و بەدوای چارەنووسیاندا دەگەڕێن، دەبێت ناو و وێنە و بەڵگەی تەواو بۆ دەزگای لوتکە بنێرێت بە مەبەستی بەدواداچوونی تەواو.